هەموو زانیارییەک لەسەر کێڵگەى کۆرمۆر

هێرشەکەى شەوى 26 لەسەر 27ـى تشرینى دووەم کە لە کاتژمێر 11:30 خولەکى شەو ئەنجامدرا، بووە هۆى ڕاگرتنى بەرهەمهێنانى گازى سروشتى و کۆندێسێت و غازى ماڵان، ئەوەش کاردانەوەى ناوخۆی دەرەکى لێکەوتۆتەوە.

شوێنی جوگرافی

كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای شارەدێى (قادركەرەم) سەر بە شارۆچکەى قەزای چەمچەماڵ، لە ساڵى 2008 گازى سروشتى لە كۆرمۆر بەرهەمهێنرا و گاز گەیەندرایە وێستگەى کارەباى چەمچەماڵ و دواتر لەرێگەى بۆرییەکى 180 کیلۆمەترى گازى سروشتى گەیەندرایە ناوچە جیاوازەکانى دیکەى کوردستان.

ئەم کێڵگەیە لەلایەن دانە غازو هاوبەشەکانییەوە بەڕێوە دەبرێت و کە توانیویانە بڕى گازى پێویست بۆ بەرهەمهێنانى دوو هەزار مێگاوات کارەبا دابین بکەن.

کارکردنی کۆمپانیای دانە غاز

کۆمپانیای دانە غاز لە ساڵی 2005 دامەزراوە و گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لە بواری گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ئیمارات، میسر و هەرێمى کوردستانی عێراق کاردەکات.

کێڵگەى کۆرمۆر بە هاوبەشی لە نێوان کۆمپانیاى دانە غاز 35% ، هیلالى ئیماراتى 35% و  کۆمپانیاى كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم و هاوبەشەکانى 30% بەڕێوە دەبڕێت.

بەرهەمى کێڵگەى کۆرمۆر

دانە غاز خۆى باسى دەکات لە پاش ساڵی 2009 كێڵگەی (كۆرمۆر) پەرەپێدانى زۆرى تێدا كراوە، یەكێك لە پرۆژەكان لە 2020دا تەواو بووە، پاشان دوو پرۆژەی تر بۆ فراوانكردنی لە ساڵانی 2018و 2022 جێبەجێكراون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی توانای بەرهەمهێنان لەسەدا 60% زیاد بكات، کە ئاستی بەرهەمهێنانى گازى سروشتى لە 2018 بڕەکەى 305 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدابوو، بەڵام لە ساڵى 2023 بەرزکرایەوە بۆ 452 ملیۆن پێ سێجاى رۆژانە.

هاوکات کۆمپانیای دانەغاز و پێرل پترۆلیۆم لە 3ـى نیسانى ئەمساڵ ڕایانگەیاند، قەبارەى بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە رۆژێکدا گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێ سێجا.

ئەو دوو کۆمپانیایە جەختیان لەوەکردووەتەوە کە زیاتر لە سێ ملیارو 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا کراوەو بەهۆیەوە 20 هەزار هەلیکارى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان دابینکردووە، کە 80%یان کارمەندی ناوخۆن.

پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر

لەدوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای (ئینەرفلێكس)، ئیتر كۆمپانیای (پێرڵ پترلیۆم) خۆی بەشێوەی راستەخۆ قۆناغەكانی دیکەى پرۆسەی پەرەپێدانی (كۆرمۆر 250)ی وەرگرتووە، کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەكردووە بەم هەنگاوە پرۆسەی پەرەپێدانی كێڵگەكەی خستوەتەوە سەر ئاڕاستە دروستەكەی خۆی.

زیادبوونی بەرهەمی کێڵگەکە

کۆمپانیای دانە غاز و پێرڵ پترۆلیۆم لە ئۆکتۆبەرى ساڵى 2025 بەرهەمى گازى سرووشتییان بۆ  750 ملیۆن پێ سێجا زیاد کردو چاوەڕوان دەکرێت لە چارەکى یەکەمى 2026 بگەیەندرێتە 800 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

کێڵگەى کۆرمۆر لەماوەى 17 ساڵ لە کارەکانی بەردەوام و پڕۆژەی فراوانکردنی سەرکەوتووانە توانیوویەتى رۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا گازى سروشتى بەرهەمبهێنێت، کە بەرهەمهێنانی 85%ـى ئەو کارەبایەی لەهەرێمى کوردستان هەیە بەهۆى بەرهەمى گازى سروشتییە لە کێڵگەى کۆرمۆر.

کارەبای 24 کاتژمێری

بەرهەمى گازى سروشتى کۆڕمۆر بووەتە هۆى دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى کە ئێستا لە سەنتەرى شارەکانى سلێمانى و هەولێر و هەڵەبجە و دهۆک هەیە و  ئیدارە سەربەخۆکانى زاخۆو ڕاپەرین بوونى هەیەو بڕیارە تاوەکو کۆتایى ساڵى داهاتوو سەرجەم هاونیشتمانیان کارەباى 24 کاتژمێریان پێبگات.

گەیاندنی گازی کۆرمۆر بە هەولێر و دهۆک

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کاتى گەیاندنی بۆری گازی سروشتی لە هەولێرەوە بۆ دهۆک، ڕایگەیاند، "وێستگەى کارەباى کواشێ لە دهۆک، بەهۆى نەبوونى گازوایل و دیزڵ نەتوانراوە سوودى لێ وەربگیرێت، بەڵام لەمەولا ئەو گازەى کە لە کۆرمۆرەوە بە بۆری دێتە هەولێر بەشێکیشی دەچێتە دهۆک، بۆ وێستگەى کارەبا سوودی لێ دەبیندرێت".

هەرێمى کوردستان خاوەنى 34 وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبایە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون، لە  سلێمانى 18 وێستگە، هەولێر 10 وێستگە و لە دهۆک شەش وێستگە هەیە.

 ئەو وێستگانە پێشتر بە گازوایل کاریان دەکرد، بەڵام پاش زیاد کردنى بەرهەمى گازى سروشتی لە کێڵگەى کۆرمۆر بیر لەوە کرایەوە کە وێستگەکان بەگازى سروشتى کاربکەن.

بەرهەمەکانی دیکەی کۆرمۆر

لە کێڵگەى کۆرمۆر جگە لە بەرهەمهێنانى گازى سروشتى، رۆژانە 19 هەزار بەرمیل کۆندێسێت بەرهەمدێت کە بۆ بەرزکردنەوەى کوالێتى نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان بەکاردێت.

لە کۆرمۆر، رۆژانە هەزار و 100 تۆن غازى ئێل پى جى بەرهەمدێت، کە بۆ ماڵان و ئۆتۆمبێل بەکاردێـت، بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان.

یەدەگی گازی سروشی کڵێگەی کۆرمۆر

یەدەگى گازى سروشتى سەلمێندراوى کێڵگەى کۆرمۆر بە پێنج تریلیۆن و 300 ملیار پێ سێجا دیارى کراوە، بەڵام یەدەگەکەى بە زیاتر لە هەشت تریلیۆن و 200 ملیار پێسێجا خەمڵێندراوە

گازى سروشتى کۆرمۆر بە گوێرەى لێکۆڵینەوەکان نزیکى 40-45%ى کۆى گشتى گازى سروشتى عێراق پێکدەهێنێت.

هەوڵەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بۆئەوەیە بەبەرهەمى ناوخۆیی گازى سروشتى کێشەى گازى سروشتى عێراق چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە هاوردەکردنى گاز لە وڵاتان بهێندرێت.

بەکارهێنەکانی گازی سروشی کۆرمۆر

بەکارهێنانى گازى سروشتى لە کێڵگەى کۆرمۆر تەنیا بۆ بەرهەمى کارەبا نییە بەڵکو بۆ ناوچە پیشەسازییەکانیش بەکاربهێندرێت.

بۆ ئەو مەبەستە سیاسیەتى یەکێتى و سەرۆکەکەى ئەوەیە کە گازى سرووشتى بۆ بەرژەوەندى هەموو خەڵکى هەرێمى کوردستان بێت.

سیاسەتی یەکێتی دەربارەی کێڵگەکە

سیاسەتى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەوەنییە گازى سروشتى بۆ دەرەوە ڕەوانەبکرێت ئەوە قسەیەکە بافڵ جەلال تاڵەبانى لە چەندین شوێن ئەوەى گووتووە.

سیاسەتى سەرۆکى یەکێتى بەوشێوەیە نوێنەرانى حیزبەکە لە حکومەت بەردەوام جەخت لە کارئاسانى بۆ پڕۆژەکان بکەن بە ئامانجى ئەوەى هەموو هاونیشتمانیان لە هەرشوێن و شارێکى هەرێمى کوردستانن خزمەتبکرێن.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان لەگەڵ ئەوەن وەبەرهێنان بەو گازى سروشتییە بکرێت، بۆنمونە گازەکە بکرێت بە کارەبا و کارەباکە بخرێتە خزمەتى هاونیشتمانیان وەک ئەوەى ئێستا بوونى هەیە کە 85% بەرهەمى کارەبا لە گازى کۆرمۆرەوە سەرچاوەى گرتووە.

بەکارهێنانى گازى سروشتى لە پیشەسازى، وادەکات، چەندین سوودى هەبێت، لەوانە، پاراستنى ژینگە، کەمبونەوەى تێچووى بەرهەمهێنان و کێبڕکێى بازاڕ لەوەى کە بەرهەمەکان تێچوویان کەمتردەبیت، ئەمەش وادەکات نرخەکە هەرزانتربێت و هەروەها بۆ دۆخى ئابوورى سوودى زۆرى هەیەو زیادبونى ژمارەى کارگەکانیشى بەدوادادێت، ئەوەش بەرهەمى کارگەکان لەناوخۆى بازاڕ هەرزانتر لەسەر هاونیشتمانیان دەکەوێت.

هێرشەکانى سەر کێڵگەى کۆرۆمۆر

تاوەکو ئێستا 13 جار هێرش کراوەتە سەر کێڵگەى کۆرمۆر، بەشێوەیەک

لە حوزەیرانی 2022دا لە ماوەی سێ رۆژدا سێجار بە موشەك هێرشكرایەسەر كێڵگەی كۆرمۆر، پێشترو بەر لەم هێرشانە، نۆ جاری دیکە بە موشەك و درۆن هێرش كرابووە سەر كێڵگەكە و هیچ لایەن و گروپێک بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی نەگرتوەتە ئەستۆ، دواین هێرش، هێرشەکەى شەوى 26 لەسەر 27ـى تشرینى دووەمى 2025 بوو کە بووە هۆى ڕاگرتنى بەرهەمهێنانى کارەباو زیانى زۆرى بە ژێرخان و تانکى هەڵگرتنى گازى سروشتى کیڵگەکە گەیاندووە و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان لە چوار هەزارو 200 مێگاوەتەوە کەمبووەتەوە بۆ هەزار مێگاوات، واتە زیاتر 75% بەرهەمى کارەبا کەمبووەتەوە.

عێراق هاوشێوەى هەرێمى کوردستان سوودمەند بووە لە کێڵگەى کۆرمۆر، بەشێوەیەک

رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، بۆری گواستنەوەی غازی كێڵگەی "كۆرمۆر"ی بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك تەواو كردووە.

لەنوێترین لێدوانى ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق ئەوەى دووپاتکردووەتەوە، بەهۆى هێرشە نوێیەکەى سەر کیڵگەى کۆرمۆر، هەزارو 200 مێگاوات کارەباى عێراق کەمبووەتەوە، واتە عێراقیش هاوشێوەى هەرێمى کوردستان پریشکى ئاگرەکەى بەرکەوتووە.

لە پاش هێرشەکەى سەرکۆرمۆر، لە ئاستى ناوخۆو عێراق و وڵاتانى نێودەوڵەتى کاردانەوەى توندى لێکەوتووەتەوەو محەمەد شیاع سودانى بەڵێنى داوە لیژنەیەک بەهاوبەشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پێکبهێندرێت بۆ ئەوەى زیانەکان بخەمڵێندرێت و هاوکات کار بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەرانى دەگیرێتەبەر تاوەکو سزا بدرێن.