سوید و سووریا ڕێککەوتن لەسەر دیپۆرتکردنەوەی زیاتری پەنابەران
یۆهان فۆرسێل، وەزیری کۆچبەرانی سوید ڕایگەیاند، هەماهەنگیی نێوان ستۆکهۆڵم و دیمەشق بەردەوامە، بۆ دیپۆرتکردنەوەی زیاتری ئەو پەنابەرە سوورییانەی کە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەوە لە سوید سزادراون ، ئەمەش مەرجێکە کە ستۆکهۆڵم بۆ بەردەوامبوون لە خەرجکردنی بەشێک لە هاوکارییەکانی بۆ سووریا دایناوە.
سەڕەتا ئەوانەی لە وڵاتەکە تاوانیان ئەنجامداوە
فۆرسێل بە ڕادیۆی فەرمیی سوید 'سڤاریا ڕادیۆ'ی ڕاگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا دیپۆرتکردنەوەکە، ئەو پەنابەرە سووریانەی سوید دەگرێتەوە کە لە وڵاتەکە تاوانیان ئەنجامداوە و دواتر کار دەکەن لەسەر فراوانکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە تاوەکو پەنابەرانی دیکەش بگرێتەوە.
یەکێک دەبێت لە کارە لەپێشینەکانی سوید
ئاماژەی بەوەشکرد، لە گەڵ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا ڕێککەوتوون بۆ هەماهەنگیکردن لەسەر ئەو پرسە، کە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکان بۆ سوید، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو کەسانە هیچ شوێنێکیان لە سویدا نییە و پێویستە بەزووترین کات دیپۆرت بکرێنەوە.
پرەسیپی نوێی حکومەتی سوید
هاوکات ئاماژەی بۆ ئەو پرەنسیپە نوێیە کرد کە حکوومەتی ڕاستڕەوی سوید بەڕێوەدەبات، ئەویش کەمکردنەوەی کۆچبەری و خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیە.
"بەرژەوەندی سویدییەکان لە مەترسیدایە"
وەزیری کۆچبەرانی سوید دووپاتیکردەوە کە بەرژەوەندی سویدییەکانمان لە مەترسیدایە و بەخشینی هاوکاری گەشەپێدان لە لایەن ئەوانەوە بە وڵاتان، لەنێویاندا سووریا، لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی پەنابەرەکانیانە لە سوید و ئەگەر هەنگاوی هاوشێوە نەگرنەبەر، هاوکارییەکانیان دەبڕن.
ئەمەش لەکاتێکدایە یۆهان فۆرسێل، وەزیری دەرەوە و بنیامین دۆسا، وەزیری گەشەپێدانی سوید لەم هەفتەیەدا سەردانی سووریایان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر کۆبوونەوە. ئەمەش یەکەم سەردانی وەزیرەکانی سوید بوو بۆ دیمەشق لە ساڵی 2011ەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی سوید لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، زۆرترین کۆچبەری سووری ڕوویان لە وڵاتەکە کردووە، تاوەکو کۆتاییەکانی 2024 نزیکەی 200 هەزار پەنابەری سووری لە سوید تۆمارکراون.
27/11/2025