کۆمپانیای تێسلا تاوانبارە بە کوشتن
کۆمپانیای تێسلا، تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە لەلایەن ملیاردێری ئەمریکی، ئیلۆن مەسک بەڕێوەدەبرێت، ڕووبەڕووی سکاڵایەکی نوێ دەبێتەوە، لە سکاڵاکەدا هاتووە کەموکوڕی لە دیزاینی ئۆتۆمبێلەکەدا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێک و برینداربوونی سەختی هاوسەرەکەی.
دەسکی تێسلاکە ڕێگربووە لە ڕزگارکردنی سەرنشینەکان
سکاڵایەک لە دادگای فیدراڵی لە واشنتن تۆمارکراوە، تیایدا هاتووە لەپاش ڕووداوێکی هاتووچۆ، کەموکوڕی لە دەسکی دەرگای ئۆتۆمبێلی جۆری "تێسلا مۆدێل 3"، ڕێگری کردووە لە ڕزگارکردنی جێف دێنیس کە شۆفێری تێسلاکە بووە، لەگەڵ وێندی هاوسەری لەناو ئۆتۆمبێلەکە.
ماوەیەکە دەسکی دەرگاکانی تێسلا کە بە شێوەیەکی کارەبایی کاردەکات بوونەتە جێگەی سەرنج، حکومەتی چین، بۆ پاراستنی سەلامەتی، کار لەسەر قەدەغەکردنی ئەو جۆرە دەسکە دەکات، ئەمریکاش لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە دەکات کە دەسکەکانی تێسلا، بەهۆی کێشەی پاترییەوە کاریان نەکردووە و بوونەتە هۆی گیرخواردنی سەرنشینان لەناو ئۆتۆمبێلەکانی تێسلادا.
ئۆتۆمبێلەکە خۆی کێشاوە بە ستونێکی کارەبادا
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس ڕایگەیاند کە کەموکوڕییەکانی تێسلاکە بووەتە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە لەناکاو خێرایی لەدەست بدات و خۆی بکێشێت بە ستونێکی کارەبایی و بتەقێتەوە، وێندی لە ڕووداوەکەدا گیانیلەدەستدا و هاوسەرەکەی بە سەختی برینداربوو.
گڕگرتنی تێسلا
سکاڵاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمی برەیکی ئۆتۆماتیکی شکستی هێناوە و پێش پێکدادانەکە کاری نەکردووە، هەروەها کەموکوڕییەک لە پاتری و دیزاینی قایشەکانی پاترییەکە، بووەتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە.
29/11/2025