زريان و لافاو بەشێک لە وڵاتانی ئاسيای گرتووەتەوە؛ 400 کەس گیانیان لەدەستداوە
ژمارەی گيانلەدەستدان بەهۆی زريان و لافاوەوە لە بەشێک لە وڵاتانی ئاسيا 400 کەسی تێپەڕاند و گەڕان بەدوای دەيان بێسەروشوێنبوودا بەردەوامە.
زریانەکەی سریلانکا؛ 15 هەزار خانوو وێرانبوون
ناوەندی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سريلانکا ڕايگەياندووە، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە و هەرەسی زەوييەوە نزیکەی 15 هەزار خانووی وێران بووە و نزیکەی 44 هەزار کەسیش ئاوارەبوون و چوونەتە پەناگە کاتييەکانەوە.
سامپاس کۆتوێگۆدا بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سريلانکا ڕايگەياندووە، ئۆپراسیۆنەکانی فریاگوزاری بە بڵاوەپێکردنی هەزاران سەرباز لە سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی بەڕێوەدەچن.
123 کەس گیانیان لەدەستداوە
بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سريلانکا گوتيشی، "123 کەس گيانيان لەدەستداوە و 130 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن."
زریانەکە بەرەو هیندستان دەڕوات
لە هەفتەی ڕابردووەوە زريانی دیتوا دوورگەی سريلانکای گرتووەتەوە و ئەمڕۆ کاريگەری زريانەکە لەسەر دوورگەکە لاواز بووە و بەرەو باکوور بەرەو هیندستانی دراوسێی دەڕوات.
زریانەکەی ئیندۆنیزیا؛ 248 گیان لەدەستدان
هاوکات، دەزگای بەڕێوەبردنی کارەساتی نيشتمانی ئيندۆنيزيا ڕايگەياندووە، بەهۆی لافاو و هەرەسی زەوييەوە زیاتر لە 248 کەس گيانیان لەدەستداوە و گەڕان بەدوای 90 کەسی ديکەشدا بەردەوامە، زريانەکە بە زۆری دوورگەی سوماترای لە باکووری وڵاتەکە گرتووەتەوە.
سێ هەزار خێزانیش ئاوارەبوون
دەزگای بەڕێوەبردنی کارەساتی نيشتمانی ئيندۆنيزيا دەشڵێت، "بەهۆی لافاوەکەوە 500 کەس برينداربوون و نزيکەی سێ هەزار خێزانيش ئاوارەبوون".
زریانەکەی تایلەند؛ 162 کەس گیانیان لەدەستداوە
لە تايلەنديش ژمارەی گيان لەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووەوە 162 کەسی تێپەڕاند و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکانيشدا بەردەوامە.
لە ڤێتنامیش 90 کەس و لە فلیپینیش 85 کەس گیانیان لەدەستداوە
هەفتەی ڕابردووش لە ڤێتنام زياتر لە 90 کەس و لە سەرەتای ئەم مانگەشدا لە فليپين 85 کەس بەهۆی لافاوەوە گيانيان لەدەستدا.
29/11/2025