ماک ڕومەرز: نرخی ئایفۆنی قەدکراو دەگاتە 2400 دۆلار
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک تایبەتمەندیی مۆبایلی قەدکراوی داهاتووی ئەپڵ ئاشکراکرا، مۆبایلەکە بە "ئایفۆن ئەڵترا" ناسراوە، دیارترین تایبەتمەندی نرخەکەیەتی کە پێشبینی دەکرێت بگاتە دوو هەزار و 400 دۆلاری ئەمریکی، ئەم نرخە بەرزترین نرخە کە تاوەکو ئێستا مۆبایلی ئایفۆن هەیبووبێت.
کامێرای ژێر ڕوونما
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ماک ڕومەرز، ئەم نرخە بەرزە بۆ چەند تایبەتمەندییەکی نوێ دەگەڕێتەوە، یەکێک لەوانە زیادکردنی کامێرایەکی 24 مێگاپێکسڵییە لەژێر ڕوونمای ئایفۆنە قەدکراوەکەدا، یەکەمجارە بەو ئاستە بەرزە کامێرایەک لەژێر ڕوونمادا دابنرێت، تەنانەت لە مۆبایلەکانی ئەندرۆیددا لە هەشت مێگاپێکسڵ تێناپەڕێت.
کێشەی نوشتانەوەی مۆبایلە قەدکراوەکان
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەپڵ کێشەی نوشتانەوەی ڕوونمای مۆبایلەکەی نەهێشتووە، بەو پێیەی مۆبایلە قەدکراوەکان لە ناوەڕاستی ڕوونماکەیاندا، بەرزییەک هەیە و بەکارهێنەر بێزار دەکات، بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان ئەپڵ ئەم کێشەیەی چارەسەر کردووە.
توانای پاتری
هەروەها باتری مۆبایلەکە، گەورەترین پاتری دەبێت تاوەکو ئێستا ئەپڵ بەکاریهێنابێت و تواناکەی دەگاتە پێنج هەزار و 800 میلی ئەمپێر لە سەعاتێکدا.
چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ، شان بەشانی ئایفۆن 18، پاییزی داهاتوو مۆبایلە قەدکراوەکەی بخاتە بازاڕەوە.
29/11/2025