تاران نوقمی دووکەڵ بووە و پزیشکیان دەڵێت: گواستنەوەی پایتەخت ناچارییە

دیمەنی خۆلبارین و پیسبوونی هەوای 
 شاری تاران. فۆتۆ: AP
دیمەنی خۆلبارین و پیسبوونی هەوای شاری تاران. فۆتۆ: AP

پرسی گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بووەتە مژارێکی گەرمی شەقامی ئێرانی و سەرۆککۆماری وڵاتەکەش ڕایدەگەیەنێت، مانەوە لە تاران بژاردە نییە و بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ناچارن پایتەخت بگوازنەوە.

"گواستنەوە بژاردە نییە، ناچارییە"

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەخت دەکاتەوە کە گواستنەوەی پایتەخت بۆ باشووری وڵات و نزیک کەناراوەکانی کەنداوی عومان (1800 کم دوور لە تاران) بژاردە نییە، بەڵکو ناچارییە. پزیشکیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ناتوانن قەیرانی ئاوی تاران چارەسەر بکەن".

شارەکە نوقمی دووکەڵ بووە

دۆخی ژینگەیی تاران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ شارەکە لەناو تەپوتۆز و دووکەڵی کارگەکاندا نوقم بووە و بە ئەستەم تاوەری میلاد دەبینرێت. تارانییەکان بە دەگمەن ڕۆژێکی پاک دەبینن و بەهۆی وشکەساڵییەوە شاخەکانی ئەلبورز بەفریان لێ نەماوە، حکومەتیش ناچارە جار جار ئاوی نزیکەی 10 ملیۆن دانیشتوو ببڕێت.

مەکران؛ پایتەختی داهاتوو؟

فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە دیراسەی گواستنەوەی پایتەخت بۆ "مەکران" دەکەن. عەباس عێراقچیش بە "هەشتە ونبووەکەی ئێران" ناوی دەبات. بەڵام تێچووی ئەم پڕۆژەیە بەربەستێکی گەورەیە، کە بەگوێرەی خەمڵاندنی وەزیری پێشووی ناوخۆ، نزیکەی 100 ملیار دۆلاری پێویستە.

پیسبوونی هەوا دەوامی ڕاگرت

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دروستکردنی بارانی دەستکرد، دۆخی هەوا بەجۆرێک تێکچووە کە ڕۆژی یەکشەممە 30-11 بەهۆی چڕبوونەوەی پیسکەرەکانی هەواوە، دەوام لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان لە نۆ پارێزگای ئێران ڕاگیرا.