بۆچی خانمان رۆژانە تۆنەر بۆ پێستیان بەکاردەهێنن؟
تۆنەر یەکێکە لەو جۆرە بەرهەمانەی کە خەڵکی بەتایبەتیش خانمان لە رۆتینی گرینگیپێدان بە پێستیان بەکاریدەهێنن، بەڵام ئایا گرنگیی ئەم جۆرە بەرهەمانە چییە؟ بۆچی گرنگە خانمان لە رۆتینی پێستیاندا بەکاریبهێنن؟
پێشتر تەنیا ئەو کەسانە تۆنەریان بەکاردەهێنا کە پێستیان چەور بوو، چونکە دەگوترا بەهۆی ئەو کحولەی کە تێیدایە، تۆنەر پێست وشکدەکاتەوە، بەڵام ئێستا گیراوەی تایبەتمەندتر بوونیان هەیە کە بەسوودن بۆ ئەو کەسانەشی کە پێستی وشکیان هەیە.
سوودەکانی تۆنەر چین؟
پاککردنەوەی قوڵ: تۆنەر یارمەتیی پاککردنەوەی قوڵی پێست دەدات بەتایبەتی ئەو خانمانەی کە میکیاج دەکەن و پاشماوەکەی لە کونیلەکانی پێستدا دەمێنێتەوە، ئەمەش یارمەتیی پاککردنەوەی کونیلەکان دەدات و رێگری لە دروستبوونی زیپکە دەکات.
کۆنترۆڵکردنی چەوری: ئەو کەسانەی کە چەورییەڕژێنەکانی پێستیان زۆر چالاکە، پێستیان چەور دەبێت، تۆنەر یارمەتیی توندکردنەوەی کونیلەکانی پێست دەدات و ئەمەش وادەکات دەردانی چەوری لەلایەن چەورییەڕژێنەکانەوە کۆنترۆڵبکرێت، بەمەش پێست بەهێزتر و تەندروستتر دەبێت.
هاوسەنگکردن: تۆنەر یارمەتیی هاوسەنگکردنی ترشێتیی و شێداریی پێست دەدات.
بریقەدارکردن: تۆنەر یارمەتیی بریقەیەکی سروشتی و جوانی پێست دەدات.
دژەپیرییە: تۆنەر بەرهەمێکی دژەپیرییە بەوەی کە تایبەتمەندیی دژەئۆکسێنی هەیە و رێگریدەکات لە دروستبوونی چرچیی پێست.
30/11/2025