ڕووسیا هەڕەشەی قەدەغەکردنی تەواوەتی وەتسئەپ دەکات

ئەپڵیکەیشنی وەتسئەپ
ئەپڵیکەیشنی وەتسئەپ

حکومەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، کار بۆ قەدەغەکردنی پلاتفۆرمی وەتسئەپ دەکات و تۆمەتباری کرد بە شکستهێنان لە ڕێگریکردن لە تاوان، داوای لە دەیان ملیۆن بەکارهێنەریش کرد، جێگرەوەی ناوخۆیی پلاتفۆرمەکە بەکاربهێنن.

ڕێگری لە پەیوەندیکردن

ڕووسیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، ڕێگری کرد لە پەیوەندیکردن بە بەکارهێنانی وەتسئەپ، وەکو بەشێک لە هەڵمەتێکی بەرفراوانتر بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە ڕەخنەگران دەڵێن ئامانج لێی زیادکردنی کۆنترۆڵی حکومەتە بەسەر ئینتەرنێتدا.

وەڵامی مێتا

مێتا، کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆجیای ئەمریکی و خاوەنی وەتسئەپ دەڵێت، ڕووسیا هەوڵی قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنەکە دەدات چونکە ئاڵنگاری هەوڵەکانی حکومەتی ڕووسیا دەکات بۆ پێشێلکردنی مافی خەڵک بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی پارێزراو.

"پابەند نەبێت قەدەغە دەکرێت"

دەزگای چاودێری پەیوەندییەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەگەر وەتسئەپ بە تەواوی پابەند نەبێت بە یاساکانی ڕووسیا، ئەو بەرنامەیە قەدەغە دەکات.

وەتسئەپ و تێلیگرام دوو بەناوبانگترین خزمەتگوزاریی پەیوەندین لە ڕووسیا، بەڵام حکومەتی وڵاتەکە دژایەتی هەردووکیان دەکات و داوا لەهاوڵاتیانی دەکات پەنا ببەنە بەر پلاتفۆمی "ماکس" کە دروستکراوی ناوخۆی وڵاتەکەیە و چاودێران باس لەوە دەکەن، ئەم پلاتفۆرمە ناوخۆییە، دەکرێت لەلایەن حکومەتەوە بۆ چاودێری کردن بەکاربهێنرێت.