ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەپەلە کۆدەبێتەوە؛ 12 ئەندام بەشداری دەکەن و چوار ئەندام بایکۆتن

کۆبوونەوەکەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. ئەرشیڤ
کۆبوونەوەکەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. ئەرشیڤ

ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دانیشتنێکی "بەپەلە" ئەنجام دەدات و بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی پلانی کشتوکاڵیی شارەکە بکات، لەکاتێکدا ژمارەی بەشداربووان ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەرەی بایکۆت بچووک بووەتەوە.

دانیشتنەکە کاتژمێر 02:00 دەستپێدەکات

بەگوێرەی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن، داوا لە ئەندامان کراوە کاتژمێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لە دانیشتنێکی بەپەلەدا ئامادەبن بۆ تاوتوێکردنی پلانی کشتوکاڵیی پارێزگاکە.

بەرەی بایکۆت بچووک بووەتەوە

چاوەڕوان دەکرێت 12 ئەندام بەشداری دانیشتنەکە بکەن. دوای ئەوەی ئەحمەد حەمدانی لە هاوپەیمانیی عەرەبی بایکۆتی شکاند و بەشداریی دانیشتنی پێشووی کرد، ئێستا تەنیا چوار ئەندام لە بەرەی بایکۆت ماونەتەوە کە بریتین لە: ڕاکان جبووری (هاوپەیمانیی عەرەبی)، دوو ئەندامی پارتی و ئەندامێکی بەرەی تورکمانی.

پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە و دابەشبوونەکە بەم شێوەیەیە:

کورد: 7 ئەندام (5 یەکێتی، 2 پارتی).

عەرەب: 6 ئەندام (هاوپەیمانیی عەرەبی).

تورکمان: 2 ئەندام (بەرەی تورکمانی).

کۆتا: 1 کورسی.

مەترسیی لەدەستدانی ئەندامێتی

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، هەر ئەندامێک چوار دانیشتن ئامادە نەبێت، ئەندامێتییەکەی کۆتایی دێت و کەسێکی دیکە لە هەمان لیست شوێنی دەگرێتەوە. ئەمەش هۆشدارییەکی یاساییە بۆ ئەو ئەندامانەی ماوەی ساڵێکە بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە.