هەولێر و ئەنقەرە ژن و منداڵە ئێزدییەکان دەگەڕێننەوە؛ چیرۆکی "ئاسیا" لە زیندانی ڕوحا
ڕۆژنامەیەکی تورکی وردەکاریی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ مانگدا شەش ژن و دوو منداڵ گەڕێندراونەتەوە.
گەڕانەوەی شەش ژن و دوو منداڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (کساداڵگا)، لە سێ مانگی ڕابردوودا بە هەماهەنگیی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، شەش ژن و دوو منداڵی ئێزدی لە شارەکانی (ڕوحا، ئەدەنە، ئەنقەرە و کرشەهیر)ـی تورکیاوە ڕزگار کراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان.
رێککەوتنی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بنەمای ئەم هەوڵانە بۆ کۆبوونەوەی 20-10-2024ـی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، کە تێیدا تورکیا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئەو ئێزدییانەی چەکدارانی داعش لەگەڵ خۆیان بردوویاننەتە تورکیا.
چیرۆکی ئاسیا؛ لە زیندانەوە بۆ ئازادی
یەکێک لە چیرۆکە سەیرەکان باسی کچێکی ئێزدی تەمەن 25 ساڵ دەکات بەناوی (ئاسیا). ناوبراو لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری ڕوحا لەگەڵ ژمارەیەک ژنی داعش دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە. هەرچەندە بە هێزە ئەمنییەکانی گوتووە کە ئێزدییە و ڕفێندراوە، بەڵام سەرەتا بڕوایان پێ نەکردووە. باوکی ئاسیا رزگاربووی کۆمەڵکوژییەکەیە و لە ئوستراڵیا دەژی.
تیمی پسپۆڕ ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن
لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی ڕفێنراوەکان، پڕۆسەی ڕزگارکردنەکە لەلایەن هێزی پۆلیسەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو "تیمی پسپۆڕی ڕزگارکردن" بەشێوەیەکی تایبەت ژن و منداڵەکان لەو شوێنانە دەردەهێنن کە تیایدا ماونەتەوە.
01/12/2025