بەیانیان زوو ناتوانیت بە ئاسانی بەخەبەر بێیت؟ ئەم ئامێرە بەکاربهێنە

گران جاف 01/12/2025

لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەی گەرما و کورتبوونی ڕۆژ، بە خەبەرهاتنی بەیانیان زۆر قورس بووە، ئەمەش وادەکات زۆرجار درەنگتر بچیتە سەر کارەکەت، یان لە پاش ماوەیەکیش هەر هەست بە خەواڵوویی بکەیت و رۆژەکەت بە بێ وزەیی ببەیتەسەر، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە دەتوانیت ئەم ئامێرە بەکاربهێنیت.

هیچ ئامێرێک هەیە یارمەتییت بدات ئاسانتر لە خەو هەڵسیت؟

ئێستا یەکێک لەو ئامێرانەی زۆر باس دەکرێت، ئامێری خۆرهەڵهاتنە، ئەم ئامێرە ئەلارمێکە کار لەسەر سووڕی خەوی جەستە دەکات و وادەکات ئاسانتر بتوانیت لە خەو هەڵبسیت، ئەمەش لەڕێگەی لاسایکردنەوەی خۆرهەڵهاتنەوە دەکات.

ئەم ئامێرە چۆن کار لەسەر سووڕی خەوی جەستە دەکات؟

  • ئەم ئامێرە بە جۆرێکە کە ئەگەر بۆ کاتژمێر 6 دایبنێیت و بتەوێت کاتژمیر 6 لە خەو هەڵسیت، ئەم ئامێرە لە نزیکەی 45 خولەک پێش کاتژمێر 6ـەوە دەست دەکات بە رووناکبوونەوە، سەرەتا رەنگی دەبێت بە سوور پاشان پرتەقاڵی و وردە وردە روونکاتر دەبێتەوە، بەمەش کاریگەریی لەسەر کاتژمێری ناوەکیی جەستە دادەنێت و ئاسانتر کەسەکە خەبەری دەبێتەوە.
  • ئەم ئامێرە لەگەڵ روونکاتربوونەوەیدا، وادەکات هۆرمۆنی میلاتۆنین کە بە هۆرمۆنی خەو ناسراوە کەم ببێتەوە، هاوکات هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاددەکات، ئەمەش کەسەکە چالاک دەکات.
  • لە جیاتی دەنگێکی بەرزی کتوپڕ، ئەم رووناکییە بە هێواشی کاریگەریی لەسەر جەستەت دادەنێت و لە خەو هەڵسان ئاسانتر دەکات، بەمەش کەسەکە زووتر چالاک دەبێت و "داڵغە" نایباتەوە
  • رووناکیی بەیانیان وادەکات رێژەی سیرۆتۆنین زیادببێت و کەسەکە بە درێژایی رۆژ هەست بە چست و چالاکیی دەکات، ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە باشە کە تووشی خەمۆکیی وەرزی دەبن.
  • ئەم ئامێرە چەند گۆڕانکارییەکی فیزیۆلۆجییش دەکات، بە جۆرێک لێدانی دڵ وردەوردە زیاددەکات و بە هێواشی پلەی گەرمیی جەستە بەرزدەکاتەوە، بەمەش لەو کاتەی بەخەبەردێیت زوو ئامادە دەبیت بۆ دەستپێکردنی رۆژەکەت.
  • ئەم رووناکییە بە جۆرێک سووڕی خوێن رێکدەکاتەوە، کە وادەکات کوالێتیی خەوەکەشت باشتر ببێت و زیاتر سوود لە خەوەکەت ببینیت.
گران جاف

01/12/2025