ئەپڵیکەشنێک نیشانەکانی کەچەڵ بوون دەستنیشان دەکات

ئەپڵیکەیشنی مای هێر ئەی ئای
ئەپڵیکەیشنی مای هێر ئەی ئای

دوو ساڵ لەمەوبەر، بازرگانێکی فەڕەنسی تەمەن 32 ساڵ، بەناوی سیریاک لێفۆرت لە نیویۆرک چووە سەرتاشخانەیەک بۆ چاککردنی قژی، بەڵام کاتێک سەرتاشەکەی سەرقاڵی چاککردنی قژی بوو پێیوت "خەریکە قژت لەدەست دەدەیت".

سیریاک بە شامپۆیەکی گرانبەهاوە بۆ قژ ڕووتانەوە سەرتاشخانەکەی بەجێهێشت، بەڵام قسەی سەرتاشەکەی لە دڵ دەرنەچوو، چونکە هەڵوەرینی قژ لای پیاوان بابەتێکی هەستیارە، دواتر سەردانی پزیشک دەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەرەو کەچەڵ بوون ناچێت.

ژیریی دەستکرد لە کەچەڵ بوون ئاگادارت دەکات

ئەم رووداوە وایکرد سیریاک بیرۆکەیەکی بۆ بێت و لەگەڵ هاوڕێیەکی لەماوەی چەند هەفتەیەکدا، ئەپڵیکەیشنێکیان دروستکرد بەناوی مای هێر ئەی ئای "MyHair AI" کە ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ شیکردنەوەی وێنەی پێستی سەر، پێوانەی چڕی قژ و بەدواداچوونی هەڵوەرینی قژ بە تێپەڕبوونی کات و ئاگادارت دەکاتەوە ئەگەر بەرەو کەچەڵ بوون بچیت.

ئەپڵیکەیشنی مای هێر ئەی ئای، یارمەتی بەکارهێنەران دەدات ڕۆتینی تایبەتی چاودێری قژ دابنێن، بە پسپۆڕانی باوەڕپێکراوەوە دەیانبەستێتەوە و زانستی پشت چارەسەرەکان ڕوون دەکاتەوە.

سیستمەکە لەسەر 300 هەزار وێنەی کەچەڵ بوون و هەڵوەرینی قژ ڕاهێنانی پێکراوە، ئەپەکە ئێستا زیاتر لە 200 هەزار بەکارهێنەری هەیە.