عێراق خاوەنی ملیارەها تۆن سلیکایە و کارگەیەکی شووشەشی نییە

کارگەیەکی سلیکا لە عێراق. فۆتۆ: واع
کارگەیەکی سلیکا لە عێراق. فۆتۆ: واع

وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق ئاشکرای دەکات قەبارەی یەدەگی سلیکا لە وڵاتەکەدا سەدان ملیۆن تۆنی تێپەڕاندووە، لەبەرامبەردا ڕوانگەی ئیکۆی عێراق ژمارەی گەورەتر دەخاتەڕوو و باس لە سامانی خەوتووی پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەف دەکات.

یەدەگی سەلمێنراو و نەبوونی کارگە

وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ڕایگەیاندووە، یەدەگی سەلمێنراوی سلیکا گەیشتووەتە 350 ملیۆن تۆن. دوها جبوری، گوتەبێژی وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم مادەیە وەک کەرەستەیەکی خاو لە پیشەسازییە گرنگەکانی وەک شووشە، پانێڵی خۆر، ئەلیکترۆنیات و پیشەسازییە گەرمکەرەکان بەکاردەهێنرێت. بەڵام سەرەڕای بوونی ئەو یەدەگە زۆرە کە بە سەرەکیترین مادەی دروستکردنی شووشە دادەنرێت، تاوەکو ئێستا کارگەی بەرهەمهێنانی شووشە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

ئامارەکان لەوەی وەزارەت دەڵێت زۆرترن

لە بەرامبەر ئامارەکانی وەزارەتدا، ڕوانگەی ئیکۆی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە بڕێکی زۆر زیاتر کردووە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانیان تەنیا لە ئەنبار نزیکەی 600 ملیۆن تۆن خۆڵی سلیکا دۆزراوەتەوە و یەدەگەکەشی زیاتر لە یەک ملیار تۆنە. هاوکات لە نەجەف کۆی گشتیی لمی سلیکای دۆزراوە نزیکەی ملیارێک و 177 ملیۆن تۆنە، کە بەشێکی زۆری بۆ پیشەسازیی شووشەی ڕەنگاوڕەنگ گونجاوە.

سامانێک بە بەهای ملیارەها دۆلار

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئیکۆی عێراق، نرخی یەک تۆن لمی سلیکا لە بازاڕەکاندا لەنێوان 100 بۆ 150 دۆلاردایە، ئەمەش واتای ئەوەیە وەبەرهێنان لەم سەرچاوانەدا دەتوانێت ملیارەها دۆلار بۆ بودجەی گشتی دابین بکات. جگە لە لایەنە داراییەکە، وەبەرهێنان لەم کەرتەدا دەبێتە هۆی ڕەخساندنی زیاتر لە 10 هەزار هەلی کار لە هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەجەف.

بازاڕی جیهانیی سلیکا

گرنگیی ئەم مادەیە لەسەر ئاستی جیهان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەجۆرێک قەبارەی بەکارهێنانی لمی سلیکا لە جیهاندا لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە نزیکەی 850 ملیۆن تۆن، کە بەپێی جۆری لمەکە و نرخی بازاڕ، بەهاکەی لەنێوان 35 بۆ 72 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.