ئیلۆن مەسک پارەکانی لە چیدا خەرج دەکات؟

ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان

ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا، خاوەنی سپەیس ئێکس، ئێکس ئەی ئای، نیورالینک و تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ماوەی چەند ساڵێکە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان، بەم دواییانە دەوڵەمەندییەکەی گەیشتووەتە ئاستێکی نەبینراو، کاتێک بووە یەکەم کەس کە سامانەکەی بگاتە نیو تریلیۆن دۆلار.

سەرەڕای دەوڵەمەندییەکەی، مەسک ڕژدە لەسەر ئەوەی تاوەکو ڕادەیەک ژیانێکی مامناوەند بژی، لە ساڵی 2021 ڕایگەیاند، لە خانوویەکدا دەژی کە بەهاکەی تەنیا 50 هەزار دۆلارە.

گرایمز کە هاوسەری پێشووی مەسکە و پێکەوە دوو منداڵیان هەیە، لە ساڵی 2022 لە دیمانەیەکدا وتی، "مەسک وەکو ملیاردێرێک ناژی کە زۆر کەس بیری لێدەکەنەوە، هەندێک جار لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژی".

خانووبەرە

بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، پێشتر مەسک خاوەنی حەوت خانوو بوو لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا، بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار، کە یەکێکیان ماڵی ئەکتەری بەناوبانگ جین وایڵدەر بوو.

لە ساڵی 2020، مەسک بۆچوونی خۆی گۆڕی و لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند:"هەموو کەلوپەلە ماددییەکانی دەفرۆشێت و هیچ خانوویەکی نابێت" هەروەها وتیشی:"پێویستم بە پارە نییە و خۆم بۆ مەریخ و زەوی تەرخان دەکەم و خاوەندارێتی کردن بارگرانییە"، تەنیا یەک مەرجی دانا، وتی ماڵەکەی جین تێکنادات و دواتر بە قەرز فرۆشتییەوە بە برازایەکی وایڵدەر، کاتێک قەرزەکەی بۆ نەدرا، لە 2025 مەسک ماڵەکەی لێسەندەوە.

مەسک لە ساڵی 2021 وتی، ماڵی سەرەکی ئەو ماڵێکی ئامادەکراوە، واتە وەکو کابینەیەک وایە و نرخەکەی 50 هەزار دۆلارە و لە نزیک کۆمپانیای سپەیس ئێکسە.

سالی 2022ـش ڕایگەیاند، خاوەنی هیچ ماڵ و خانوویەک نییە و لە دیمانەیەکیشدا وتی:" لە ماڵی هاوڕێکانم دەژیم، کاتێکیش گەشتدەکەم بۆ سانفرانسیسکۆ، کە زۆرینەی ئەندازیارانی تێسلای لێن، لە ژووری میوانداریی هاوڕێکانم دەمێنمەوە".

لاری پەیج، بەڕێوەبەری پێشووی گوگڵ، پێشتر وتبووی، مەسک دەڵێی بێ ماڵە و نامەم بۆ دەنێرێت دەڵێت، نازانم لە کوێ بمێنمەوە، بێم بۆ لای تۆ؟

بەشێوەیەکی فەرمی، ئیلۆن مەسک تەنیا خاوەنی ئەو خانووەیە کە لە تێکساس هەیەتی و نرخەکەی 50هەزار دۆلارە.

ئۆتۆمبێل

ڕاستە مەسک پارەی زۆر لە خانووبەرەدا خەرج ناکات، بەڵام کە باسەکە دێتە سەر ئۆتۆمبێل، زۆر جیاوازە.

مەسک خاوەنی کۆمپانیای تێسلایە کە تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بۆیە بەلاتەوە سەیر نەبێت ئەگەر ئۆتۆمبێلی دەگمەن و گرانبەهاشی هەبێت.

مەسک خاوەنی ئۆتۆمبێلی فۆردی مۆدێل تییە، کە لە سەدەی بیستەمدا بەوە بەناوبانگ بوو، تێچوویەکی گونجاوی هەیە و شۆڕشێکی لە بوارەکەدا بەرپا کردووە.

هەروەها خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی جاگوار ئی تایپ ڕۆدستەرە، مۆدێلی 1967 کە مەسک لە منداڵییەوە حەزی لێیبوە، هەروەها مکلارین ئێف 1 مۆدێلی 1997، لەگەڵ تێسلا ڕۆدستەر کە یەکەم مۆدێلی کۆمپانیاکە بوو و لە ساڵی 2018 لەلایەن مەسکەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.

بەڵام سەیرترین ئۆتۆمبێل کە هەیەتی، لۆتس ئیسپریت مۆدێلی 1976ـە کە جەیمس بۆند لە یەکێک لە فیلمەکانیا لێیخوڕیوە.

ئۆتۆمبێلی لۆتس ئیسپریت مۆدێلی 1976

فڕۆکە

مەسک دانی بەوەدا ناوە فڕۆکەی تایبەت یەکێکە لەو بوارانەی دوودڵ نییە لە خەرج کردنی پارە تێیدا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، ئەمە پەیوەندی بە دڵسۆزی بۆ کارەکەیەوە هەیە.

لە دیمانەیەکدا لە ساڵی 2022 وتی:"ئەگەر فڕۆکە بەکارنەهێنم، کاتی کارکردنم کەم دەبێت".

لەناو فڕۆکە تایبەتەکانیدا چەند مۆدێلێکی گەڵف ستریم هەیە کە هەریەکەیان دەیان ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و بەکاریاندەهێنێت بۆ گەشتکردن لە نێوان کۆمپانیاکانی و ناوخۆی ئەمریکا و گەشتە نێودەوڵەتییەکانی.

کاری خێرخوازی

مەسک ملیارەها دۆلاری لە پشکەکانی بەخشیوە بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، بەڵام کارە خێرخوازییەکانی ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کارەکانی بە "هەڕەمەکی و خۆپەرستانە" وەسف کردووە و نووسیویەتى، "باجەکانی بۆ کەمدەکاتەوە و سوودی بۆ کۆمپانیاکانی هەیە".

"دامەزراوەی خێرخوازیی مەسک" کە یەکێکە لە دامەزراوەکانی ئەو ملیاردێرە، بانگەشەی ئەوە دەکات "تەرخانکراوە بۆ بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی"، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، "سێ ساڵی لەسەر یەک شکستی هێناوە لە بەخشینی ئەو بڕە پارەیەی پێویستە و زۆرێک لە بەخشینەکانی بۆ ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مەسکەوە ڕۆیشتووە".

مەسک دەڵێت: "ئەگەر تۆ زیاتر گرنگی بە ڕاستی و چاکە بدەیت، نەک ڕواڵەت، خێرخوازیی کارێکی زۆر قورسە".

مەسک کۆمپانیاکانی خۆی وەکو کارێکی خێرخوازیی دەبینێت، بۆ نموونە، تێسلا، کار بۆ بەکارهێنانی وزەی بەردەوام دەکات، سپەیس ئێکس، مانەوەی درێژخایەنی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی زەوی مسۆگەر دەکات، نیورالینک، یارمەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە مێشک دەکات.