دۆلاری کۆن و نوێ جیاوازییان هەیە؛ بانکەکان وەریناگرن و بازرگانان زیان دەکەن
لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان دیاردەی جیاوازیی نرخ لەنێوان دۆلاری چاپی کۆن (سپی) و چاپی نوێ (شین) سەریهەڵداوەتەوە و مامەڵەکاران هۆکارەکەی بۆ وەرنەگرتنی ئەو جۆرە دراوانە لەلایەن بانکەکان و وڵاتانی دراوسێوە دەگەڕێننەوە.
جیاوازیی نرخەکان چەندە؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی دانا مەولود لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی، تەنانەت ئەگەر دۆلارە چاپی کۆنەکە پاک و بێ کێشەش بێت، هێشتا لەکاتی ئاڵوگۆڕکردن بە دینار نزیکەی هەزار دینار جیاوازیی هەیە لەگەڵ چاپی نوێ. بەڵام ئەگەر دۆلارەکە کۆن، ژاکاو، شۆراوە یان ژەنگاوی بێت، جیاوازییەکە گەورەتر دەبێت و لەنێوان سێ هەزار بۆ 10 هەزار دیناردایە بۆ هەر 100 دۆلارێک، تەنانەت هەندێک جۆری دۆلار هەیە بەهۆی کۆنییەوە تەنیا بە 100 هەزار دینار وەردەگیرێت. لای خۆیەوە کەیفى خۆشناو، گوتەبێژى بازاڕى دراوی هەولێر ئاشکرای دەکات، لە هەر 10 هەزار دۆلارێکدا بڕی 100 هەزار دینار جیاوازی دەکەوێتە نێوان چاپی کۆن و نوێ.
بانکەکان و وڵاتانی دراوسێ وەریناگرن
سەرەڕای ئەوەی بەپێی بڕیاری حکومەت نابێت جیاوازی لەنێوان هیچ جۆرە چاپێکی دۆلاردا هەبێت، بەڵام جەبار گۆران، گوتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى ڕایگەیاندووە بانکەکان ئامادە نین دۆلارى کۆن، ژاکاو یان شۆراوە وەربگرن، هەر بۆیە لە بازاڕدا نرخەکەی شکاوە. هاوکات کەیفى خۆشناو هۆکارێکی دیکەی خستەڕوو کە پەیوەستە بە بازرگانیی دەرەکییەوە، بەگوێرەی قسەکانی ئەو وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران و ئیمارات دۆلارى کۆن لە بازرگانانى هەرێمى کوردستان وەرناگرن و تەنیا مامەڵە بە چاپی نوێوە دەکەن.
چارەسەر لە دەستی حکومەتە
مامەڵەکاران و گوتەبێژانی بازاڕی دراو جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم کێشەیە لە بازاڕەکاندا چارەسەر ناکرێت و پێویستی بە دەستوەردانی حکومەتە. جەبار گۆران پێیوایە دەبێت حکومەت بە فەرمى نووسراو ئاڕاستەی بانکەکان بکات بۆ ئەوەی ناچاریان بکات ئەو جۆرە دۆلارانە وەربگرن، چونکە ئەگەر بانکەکان وەریبگرن ئەوا جیاوازییەکە نامێنێت و هاونیشتمانییان تووشی زیانی دارایی نابنەوە.
03/12/2025