هەرێمی کوردستان خاوەنی سێ هەزار کارگەی گەورەیە؛ سلێمانی پشکی شێری بەرکەوتووە
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ژوورە بازرگانییەکان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، کەرتی پیشەسازی گەشەی کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە سێ هەزار کارگەی گەورە و مامناوەند لەگەڵ حەوت هەزار و 500 کارگەی بچووک و پیشەوەر لە هەرێمدا بوونیان هەیە، بەڵام زۆریی باج و نەبوونی ئاسانکاری مەترسیی لەسەر داهاتوویان دروستکردووە.
دابەشبوونی جوگرافیی کارگەکان
بەپێی داتاکان، پارێزگای سلێمانی بووەتە جەمسەرێکی سەرەکیی پیشەسازی و 30%ـی کۆی پیشەسازیی عێراق پێکدەهێنێت، کە خاوەنی هەزار و 200 کارگەی گەورە و مامناوەند و سێ هەزار کارگەی بچووکە، بەتایبەت لە بوارەکانی چیمەنتۆ، ئاسن، خشت و خۆراک. هاوکات لە هەولێر و دهۆک دوو هەزار کارگەی گەورە و مامناوەند لەگەڵ چوار هەزار و 500 کارگەی بچووک هەن، پشکی پارێزگای هەڵەبجەش 20 کارگەی گەورە و 200 کارگەی بچووکە.
توانای بەرهەمهێنان و خۆژێنی
کەرتی پیشەسازیی هەرێم لە چەند بوارێکدا توانیویەتی پێداویستیی ناوخۆ پڕبکاتەوە، بەجۆرێک 100%ـی چیمەنتۆ و 50%ـی شیش و 50%ـی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەرهەمی ناوخۆن، بەڵام هێشتا ڕێژەی پشت بەستن بە دەرەوە یەکجار زۆرە و 95%ـی کاڵا و شمەکەکان هاوردە دەکرێن.
قەیران و ئاستەنگەکانی بەردەم خاوەنکاران
سەرەڕای گرنگیی ئەم کەرتە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی بێکاری، کارگەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی داخستندان. دیارترین گرفتەکانیش بریتین لە گرانیی نرخی کارەبا و سووتەمەنی، کرێی زەوی، زۆریی باج و پارەی پشکنین و ڕۆتیناتی حکومەت. جگە لەوەش، کێبڕکێی توندی کاڵای هاوردە و لاوازیی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، لەگەڵ ڕێگرییەکانی حکومەتی عێراق لە هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، دۆخەکەیان سەختتر کردووە.
جیاوازیی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە
لەکاتێکدا وڵاتانی ناوچەکە بۆ هاندانی کەرتی پیشەسازی، هەر کارگەیەکی نوێ بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باج و ڕسومات دەبەخشن و گومرگ لەسەر هاوردەکردنی کەرەستەی خاو و هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان هەڵدەگرن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەبوونی ئەم جۆرە ئاسانکارییانە وایکردووە لە بری فراوانبوون، بەشێک لە کارگەکان بەرەو لەکارکەوتن بچن.
03/12/2025