ئەمریکا لە 10 ساڵدا 3.6 ملیار دۆلار هاوکاریی ئاوارەکانی عێراقی کردووە
کونسوڵخانەی ئەمریکا ئاماری هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئاوارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە.
هاوکارییەکانی ساڵی 2024
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لە ساڵی 2024ـدا حکومەتی ئەمریکا بڕی 114 ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی ئاوارەکانی عێراق کردووە.
کونسوڵخانەکە جەختی کردووەتەوە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئەوانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هاوکارییە.
10 ساڵ هاوکاریی بەردەوام
ئەلینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا کۆی گشتیی هاوکارییە مرۆییەکان گەیشتووەتە 3 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.
ئەم هاوکارییانە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوارەبوونی نزیکەی 5 ملیۆن هاووڵاتی و هاوکاریکردنی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسی دیکە کە هێشتا ئاوارەن.
مێژووی هاوکارییەکان پێش شەڕی داعش
مێژووی هاوکارییەکان تەنیا بۆ دوای هاتنی داعش ناگەڕێتەوە؛ لە ساڵی 2011ـدا ئەریک شوارتز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بۆ ئەو ساڵە هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە 111 ملیۆن دۆلار.
هەروەها لە ساڵی 2016، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ئاشکرای کردبوو، گەلی ئەمریکا 603 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی مرۆیی پێشکەش کردووە، ئەمە جگە لە 1.6 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی.
خشتەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بە ژمارە
ساڵی 2024: 114 ملیۆن دۆلار.
ساڵانی 2014 بۆ 2024: 3.6 ملیار دۆلار.
ساڵانی 2014 و 2015: 603 ملیۆن دۆلار.
ساڵی 2011: 111 ملیۆن دۆلار.
03/12/2025