لەبەر ئەمەیە نابێت پێش خەوتن مۆبایل بەکاربهێنیت
تاوەکو ئێستا لەپاش لەخەوهەڵستان سەیری ئاسمانت کردووە و هەست بە وزەیەکی زیاتر بکەیت؟، هۆکاری سەرەکیی هەبوونی وزەی زیاتر کاتێک سەیری رووناکییەکی شین دەکەین ئەوەیە کە لە شەبەنگی رووناکیی بینراودا، تیشکی شین گەورەترین کاریگەریی هەیە لەسەر کاتژمێری ناوەکیی جەستە.
هەریەکێک لە رووناکیی شینی سروشتی و دەستکردیش وادەکەن هەست بە چالاکی و هزرێکی باش بکەیت، بەڵام ئەمە واتای ئەوەشە کە سەیرکردنی ئەم رووناکییە لە پێش خەوتن، هۆکارە بۆئەوەی خەوت لێنەکەوێت و بەمەش کاتی خەو و کوالێتیی خەویشت تێکدەچن.
بۆچی بە دیاریکراوی رووناکیی شین بۆ خەو خراپە؟
چاوەکان توانای رێگریکردنیان لە رووناکیی شین باش نییە، هەربۆیە ئەم تیشکە دەگات بە تۆڕەی چاو و پاشان بۆ مێشک.
ئەم تیشکە شینە وادەکات هۆرمۆنی میلاتۆنین کە بە هۆرمۆنی خەو ناسراوە، بە باشی دەرنەدرێت، هەربۆیە کەسەکە خەوی لێناکەوێت.
باوترین سەرچاوەکانی تیشکی شین چین؟
زۆرینەی خەڵکی بۆ ماوەی نزیکەی 7 کاتژمێر لە رۆژێکدا شاشەکان بەکاردەهێنن، تەنانەت لە 10 کەسی ئەمریکی، نۆیان راستەوخۆ پێش خەوتن شاشەکان بەکاردەهێنن.
ئەو رووناکییەی لە شاشەکانەوە دێنە دەرەوە، سپی دەردەکەون بەڵام درێژیی شەپۆلەکانی بەشێک لە رووناکییەکە نزیکەی 400-490 نانۆمەترە، ئەمەش هەمان درێژیی شەپۆلە شینەکانە.
سەرچاوە باوەکانی ئەم جۆرە تیشکەش بریتینلە:
- تەلەفیزیۆن
- مۆبایلی زیرەک
- تابلێت
- گڵۆپی ئێڵ ئی دی
- شاشەی کۆمپیوتەر
بەم شێوازانە بەرکەوتنت لەگەڵ ئەم تیشکە کەم بکەرەوە
- چاویلکەی بلۆککردنی تیشکی شین: ئەگەر پێویست بوو شاشە بەکاربهێنیت، ئەوا ئەم چاویلکەیە رێگری لە گەیشتنی ئەم تیشکە شینە بە چاوت دەکات و کاریگەرییەکان کەمدەبنەوە
- لە دوو بۆ سێ کاتژمێر پێش خەوتنەوە بە هیچ جۆرێک شاشەکان بەکارمەهێنە
- رووناکیی شاشەکانت کەم بکەرەوە، واتە بیکە بە NIGHT MODE
- ئەو ئاپانە بەکاربهێنە کە تیشکی شین بلۆک دەکەن
- شەوان لە ژووری نووستندا دەتوانیت رووناکییەکی کەمی سوور بەکاربهێنیت
- ئەلارمێک دابنێ بۆ کاتژمێرێک پێش خەوتن بۆ ئەوەی بە بیرت بهێنێتەوە لەو کاتەوە شاشە بەکارنەهێنیت
03/12/2025