قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کرایەوە؛ بارهەڵگرەکان دەتوانن بەکاریبهێنن
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی ڕاگەیاند و وردەکاریی ئاراستەکان و ڕێنماییەکان بۆ شۆفێران دەخاتەڕوو.
کرانەوەی شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، پڕۆژەکە گرنگییەکی زۆری بۆ شارەکە هەیە و لە ئێستادا شەقامەکە بە هەردوو ئاراستە لە کەرکووکەوە بۆ قەرەداغ و تانجەرۆ و بەپێچەوانەشەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کراوەتەوە.
ڕێکارەکان بۆ ئاڕاستەی تانجەرۆ و پردی تاسلووجە
سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئاراستەی تانجەرۆوە دێن، گوتەبێژی هاتووچۆ ڕوونیکردەوە، لە کۆتایی شەقامی 100 مەتری بەهۆی کارکردن لە "پردی تاسلووجە"، شۆفێران پێویستە بچنە سەر شەقامی کەرکووک - سلێمانی و دواتر ئاراستەی خۆیان وەربگرن بۆ دەرچوون لە شاری سلێمانی.
کەمبوونەوەی قەرەباڵغی و ڕێگەپێدان بە بارهەڵگر
خاڵێکی گرنگی کردنەوەی ئەم شەقامە ڕێگەپێدانە بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان؛ لەمەودوا شۆفێرانی بارهەڵگر دەتوانن لەو ئاڕاستانەی دیاریکراون شەقامی 100 مەتری بەکاربهێنن.
ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی لەسەر شەقامی ڕاپەڕین - سلێمانی و شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود.
هۆشداری: کارکردن تێیدا بەردەوامە
هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات بە وریاییەوە شەقامەکە بەکاربهێنن، چونکە هێشتا پڕۆسەی کارکردن لە شەقامەکەدا کۆتایی نەهاتووە و تیمەکان بە شەو و ڕۆژ سەرقاڵی کارکردنن تێیدا.
03/12/2025