بۆچی زووزوو تووشی هەوکردنی ڕێڕەوی میز دەبیت؟

گران جاف 05/12/2025

هەوکردنی میزەڕۆ یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی هەوکردن و دەکرێت تووشی هەریەکێک لە بەشە جیاوازەکانی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ ببێت، بۆ نموونە گورچیلەکان، بۆریی میز و میزڵدانیش.

زۆرینەی جار ئەم هەوکردنە تووشی میزڵدان و بۆریی میز دەبێت و لە خانمایشدا باوترە، ئەگەر ئەم هەوکردنە بگاتە میزڵدان ئازار و ناڕەحەتی دروستدەکات، ئەگەریش بگاتە گورچیلەکان ئەوا نابێت بە هیچ جۆرێک پشتگوێ بخرێت.

نیشانەکانی هەوکردنی ڕێڕەوی میز ئەمانەن:

  • هەستکردن بە سووتانەوە و کزانەوە لەکاتی میزکردندا
  • کەسەکە بە بەردەوامی هەست دەکات میزی دێت
  • مزیکردنی زووزوو بەڵام بە بڕی کەم
  • گۆڕانی رەنگی میز بۆ سوور، پەمەیی و قاوەیی
  • ئازاری ناوەڕاستی حەوز

جۆرە جیاوازەکانی هەوکردنی ڕێڕەوی میز

نیشانەکانی هەوکردنی گورچیلەکان:

  • ئازاری پشت و کەلەکە
  • تای بەرز
  • لەرز
  • دڵتێکەڵهاتن
  • ڕشانەوە

نیشانەکانی هەوکردنی میزڵدان:

  • هەستکردن بە فشاری حەوز
  • ناڕەحەتیی بەشی خوارەوەی سک
  • ئازار لەکاتی میزکردن
  • هەبوونی خوێن لە میزدا

نیشانەکانی هەوکردنی بۆریی میز:

  • هەستکردن بە کزانەوە لەکاتی میزکردندا
  • هەبوونی دەردراو

ئەو هۆکارانە کامانەن کە مەترسیی تووشبوون بەم هەوکردنە زیاددەکەن؟

ئەم هەوکردنە کاتێک روودەدات کە بەکتریا دەچێتە ناو بۆریی میزەوە و لەوێوە دەگاتە ناو میزڵدان.

ئەم هۆکارانە مەترسیی تووشبوون زیاددەکەن:

  • ئەو خانمانەی لە تەمەنی بێئومێدی نزیکن یان لەو قۆناغەدان: لەم کاتەدا رێژەی ئیسترۆجین لە خوێندا کەمدەبێرەوە، ئەمەش گۆڕانکاری بەسەر ئەو بەکتریایانەدا دەهێنێت کە لە ناوچەی زێدان
  • جەستەی خانمان: خانمان بۆریی میزیان کورتترە بەراورد بە پیاوان، هەربۆیە بەکتریا ئاسانتر و زووتر دەگات بە بۆریی میز
  • دەرمانی ڕێگریکردن لە دووگیانی
  • کەمخواردنەوەی ئاو و شلەمەنی: خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو و شلەمەنی یارمەتیی شوشتنی میزڵدان دەدات و بەکتریای تێدا ناهێڵێت
  • هەندێک گرفتی زگماکی
  • گیرانی ڕێڕەوی میز: بەردی گورچیلە یان گەورەبوونی پڕۆستات میز لە میزڵداندا دەهێڵنەوە، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە هەوکردن زیاددەکات
  • لاوازیی سیستمی بەرگری: ئەو دەرمانانەی سیستمی بەرگری لاوازدەکەن، نەخۆشیی شەکرە و چەندد نەخۆشییەکی دیکە، وادەکەن جەستە نەتوانێت بە باشی دژی بەکتریا بجەنگێت، ئەمەش مەترسییەکە زیاددەکات
  • بەکارهێنانی بۆریی میزی دەستکرد: ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک ناتوانن خۆیان میز بکەن، پێویستیان بە بۆرییەکی دەستکرد دەبێت بۆ ئەوەی میز لە میزڵدانیانەوە بکاتە دەرەوەی جەستەیان. بەکارهێنانی ئەم بۆرییەش مەترسیی تووشبوون بەم هەوکردنە زیاددەکات.
  • ئەو کەسانەی نەشتەرگەریی ڕێڕەوی میزیان کردووە مەترسیی تووشبوونیان زیاترە.

بەم شێوازانە مەترسیی تووشبوونت کەم بکەرەوە

  • خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو و شلەمەنی
  • رێگەی رێگریکردن لە دووگیانبوون بگۆڕە
  • ڕانەگرتنی میز، گرنگە پاش سێکس میز بکرێت
  • لە پاش خۆشوشتن میز بکە
  • لە پاش میزکردن خۆت بە باشی وشک بکەرەوە
  • پاکوخاوێنیی ناوچەی زێ بپارێزە
  • سابوون و بۆنی بەهێز بۆ ناوچەی زێ بەکارمەهێنە
  • لەکاتی سووڕی مانگانە زووزوو سانتی بگۆڕە، ئەگەریش منداڵت هەیە زووزوو دایبییەکەی بگۆڕە
گران جاف

05/12/2025