زۆرترین خوێنراوەکانی ویکیپیدیا لە ساڵی 2025ـدا

لۆگۆی ماڵپەڕی ویکیپیدیا
لۆگۆی ماڵپەڕی ویکیپیدیا

ماڵپەڕی ویکیپیدیا، لە 15ـی کانوونی دووەم، یادی 25 ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە کە بە یارمەتی 250 هەزار نووسەر و سەرنووسەری خۆبەخش، متمانەی خۆی وەکو سەرچاوەیەکی زانیاریی پاراستووە.

ئەم ماڵپەڕە ساڵانە لیستی ئەو بابەتانە بڵاودەکاتەوە کە زۆرترین جار خوێندراونەتەوە، بۆ ئەمساڵیش چەند کەسایەتییەک و بابەتێک لە سەرەوەی لیستەکەدا هەن.

یەکەمی لیستەکە

یەکەمی لیستەکە "چارلی کێرک"ـە، کە بەکارهێنەران بەدوای زانیاریدا گەڕاون لەبارەیەوە، چارلی کێرک، چالاکوانێکی سیاسیی ڕاستڕەوی کۆنەپارێز، نووسەر و میدیاکارێکی ئەمریکی بوو و نزیکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە ئەمساڵدا لە ڕۆژی ڕووناک و لەبەرچاوی سەدان کەسدا، لە ئاهەنگێکی کۆلێژ لە یووتای ئەمریکا، تەقەی لێکرا، فیشەکێک بەر ملی کەوت و گیانی لەدەستدا.

بە نزیکەیی ئەو پەڕەیەی زانیاریی لەبارەی چارلی کێرکەوە تێدایە، 44.9 ملیۆن جار خوێندراوەتەوە، بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی ویکیپیدیا، ئەو ڕێکخراوە قازانج نەویستەی ماڵپەڕەکە بەڕێوەدەبات، زیاتر لە %40ـی بینەری ئەو وتارە لە ویکیپیدیا بە زمانی ئینگلیزی، لە دەرەوەی ئەمریکاوە هاتووە.

مردنەکانی 2025

دووەم زۆرترین ئەو بابەتەی خوێنراوەتەوە، بابەتێکە کە بەشێوەیەکی ئاسایی هەموو ساڵێک لە لیستەکەی ویکیپیدیادایە، ئەویش "مردنەکانی 2025"ـە کە 42.5 ملیۆن جار خوێنراوەتەوە، ساڵی ڕابردوو مردنەکانی 2024، یەکەمی لیستەکە بوو.

بکوژێکی زنجیرەیی

لە پلەی سێیەمدا، ناوی کەسێکە کە یەکێکە لە بکوژە زنجیرەییەکانی ئەمریکا و تاوانەکانی هێندە ترسناک بوون تاوەکو ئێستاش باس دەکرێن، ئەویش ناوی "ئێد گین"ـە، ئەم بکوژە لە وەرزی سێیەمی زنجیرەی مەنستەری نێتفلیکسدا دەرکەوت، کە زنجیرەیەکە تاوانە ڕاستەقینەکان دەگێڕێتەوە و بابەتی پەیوەست بە ئێد گین لە ماڵپەڕەکە 31.2 ملیۆن جار خوێندراوەتەوە.

ترەمپ و پاپا و مەسک

لە پلەی چوارەم و پێنجەم و شەشەمیشدا سێ کەسایەتیی دیاری جیهان هەن، چوارەم، "دۆناڵد ترەمپ"ـی سەرۆکی ئەمریکایە، 25.1 ملیۆن جار خوێندراوەتەوە و پێنجەم، "پاپا لیۆ"، پاپای نوێی ڤاتیکانە کە 22.1 ملیۆن جار خوێندراوەتەوە و شەشەمی لیستەکەش "ئیلۆن مەسک"ـە، دەوڵەمەندترینی جیهان کە 20.2 ملیۆن جار خوێندراوەتەوە.

لیستەکە چەندین کەس و بابەتی دیکەی تێدایە، لەوانە "پاپا فرانسیس"، "جەی دی ڤانس"، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، "کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ" و هەروەها "چەکەکان"، یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرترین خوێندنەوەی هەبووە، لەگەڵ ناوی چەند زنجیرەیەکی بەناوبانگ وەکو "ئەدۆڵسێنس" و 'سڤیرانس".