سامسۆنگ یەکەم مۆبایلی سێ ڕوونمای ڕاگەیاند

نمایشکردنی مۆبایلی گالاکسی زێد ترایفۆڵد
نمایشکردنی مۆبایلی گالاکسی زێد ترایفۆڵد

کۆمپانیای سامسۆنگ، یەکەم مۆبایلی سێ ڕوونمای بە نرخێکی گرانبەها خستە بازاڕەوە، کە وادەکات بەکارهێنەری ئاسایی نەتوانێت دابینی بکات.

نرخەکەی دوو هێندەی ئایفۆن 17ـیە

مۆبایلی گالاکسی زێد ترایفۆڵد "Galaxy Z Trifold"، لە 12ـی ئەم مانگە بەردەست دەبێت، نرخەکەی دوو هێندەی ئایفۆن 17ـەیە و بە دوو هەزار و 443 دۆلار دەفرۆشرێت.

سامسۆنگ دانی بەوەدا نا کە مۆبایلی گالاکسی زێد ترایفۆڵد، بۆ فرۆشتنی بەرفراوان نییە و سنووردارە.

تەنکییەکەی 0.5 سانتیمەترە

کۆمپانیای سامسۆنگ ڕایگەیاند، ڕوونمای مۆبایلەکە 25.44 سانتیمەترە، تەنکییەکەی 0.5 سانتیمەترە، تەنیا ڕەنگی ڕەشی هەیە و کێشەکەی 309 گرامە.

ئەمە یەکەم مۆبایلی سێ قەد نییە لە جیهاندا، ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای هواوی مۆبایلێکی هاوشێوەی بە نرخێکی نزیک لەوەی سامسۆنگ ڕاگەیاند.

کێبڕکێی ناو جیهانی مۆبایلە زیرەکەکان هێندە گەرم بووە، کۆمپانیاکان بەدوای ڕێگای جیاواز و سەرنجڕاکشدا دەگەڕێن بۆ جیاکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

مۆبایلی قەدکراوی ئەپڵ

ڕاگەیاندنەکەی سامسۆنگ لەکاتێکدایە، بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان کۆمپانیای ئەپڵیش کار لەسەر بەرهەمهێنانی یەکەم مۆبایلی قەدکراوی ئایفۆن دەکات و پێشبینی دەکرێت بە نرخی دوو هەزار و 400 دۆلار بیخاتە بازاڕەوە.