لە دوبەی ژیریی دەستکرد بووەتە شێفی ڕێستۆرانتێک

شێف ئەیمەن، شێفی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد
شێف ئەیمەن، شێفی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد

ڕێستۆرانتێکی جیاواز لە شاری دوبەی کراوەتەوە، ئەو شێفەی لە پشت دروستکردنی خواردنەکانەوەیە لەم ڕێستۆرانتە، مرۆڤ نییە بەڵکو سیستمێکی ژیریی دەستکردە بە ناوی شێف ئەیمەن.

هەزاران ڕەچەتەی چێشتلێنان

ڕێستۆرانتی ووهوو لە دوبەی، لەلایەن شێفێکی ژیریی دەستکردەوە بەڕێوەدەبرێت کە لەسەر هەزاران ڕەچەتەی چێشتلێنان و توێژینەوەی دەیان ساڵی خواردن ڕاهێنانی پێکراوە.

شێفە ژیرییە دەستکردەکە تەنیا دەتوانێت تامی خواردنەکان هاوسەنگ بکات، بەڵام کاری ڕاستەقینەی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی خواردنەکان لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت.

ئەحمەد ئۆیتون جاکیر، دامەزرێنەری ڕێستۆرانتی ووهووە، ئەو دەڵێت :"ئەم شێفە بە هاوکاریی شێفێکی جێبەجێکاری مرۆڤ چاودێریی کارەکانی چێشتخانە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، دەستگەیشتنی بە کامێرا، داتای پەیوەندی کڕیار، داتای بەڕێوەبردنی خشتە، ئامار، بەڕێوەبردنی کۆگا، کڕین و هەموو شتێکی دیکەی هەیە".

گرفت لە نێوان شێفەکان

زوو زوو گرفت لەنێوان شێفە ژیرییە دەستکردەکە و شێفە مرۆڤەکاندا لە تامکردن و چێشتلێنان دروستدەبێت، سەرهات کارانفیل، شێفی سەرەکی لە ووهوو، سەرپەرشتی چێشتلێنان و پێشکەشکردنی کۆتایی خواردنەکان دەکات و دان بەوەدا دەنێت، هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی شێفە ژیرییە دەستکردەکەدا هاوڕا نییە.

ڕێستۆرانتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەنگدانەوەی دروستکردووە و کڕیار ڕادەکێشێت، شێف ئەیمەن هەژمارێکی تایبەتی هەیە لە تۆڕی ئینستگرام، ئامۆژگاری و ڕەچەتەی چێشتلێنان بڵاودەکاتەوە.

تارتاری داینەسور بە 58 دۆلارە

لیستی خواردنەکانی ووهوو، بەشێوەیەکی سەرەکی لە خواردنی تێکەڵاوی نێودەوڵەتی پێکهاتووە، "تارتاری داینەسور" یەکێکە لە خواردنە بەناوبانگەکانی شێف ئەیمەن، کە بۆ لاسایی کردنەوەی تامی ئەو گیانلەبەرە لەناوچووە دروستکراوە و بە نرخی 58 دۆلار دەفرۆشرێت.