ماکرۆن داوا لە چین دەکات کار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بکات

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین. فۆتۆ: AFP
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین. فۆتۆ: AFP

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە گەشتەکەیدا بۆ چین، داوای لە شی جینپینگ، هاوتا چینیەکەی کرد، کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگییە بازرگانییەکان، هاوکات سەرۆکی چینیش بە توندی ڕەتیکردەوە هیچ بەرپرسیارێتییەکی هەبێت لە دۆخی ئۆکرانیا.

"مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا"

لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، ماکرۆن گوتی، گفتوگۆی دوور و درێژیان لەسەر دۆخی ئۆکرانیا لەگەڵ شی ئەنجامداوە و دۆخی ئۆکرانیای بە "مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا" ناوبرد، هیواشی خواست چین بەشداری لە هەوڵە هاوبەشەکاندا بکات، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا.

"پەکین هیچ ڕۆڵێکی نەرێنیی لە دۆخی ئۆکرانیادا نەگێڕاوە"

لەبەرامبەردا سەرۆکی چین، داوایکرد پەیوەندییە ئابوورییەکان بەشێوەیەکی هاوسەنگ پەرەپێبدەن و جەختی لەسەر خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئۆکرانیا و گوتی، چین پشتگیری لە هەموو هەوڵێک دەکات بۆ ئاشتی و بەردەوام دەبن لە ڕۆڵی بنیاتنەرانەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پەکین هیچ ڕۆڵێکی نەرێنیی لە دۆخی ئۆکرانیادا نەگێڕاوە و بە توندی دژ بە هەر هەوڵێکی نابەرپرسیارانەیە بۆ ناوزڕاندنیان.

چوارەم سەردانی ماکرۆن بۆ چین

دوای ئەوەی سەرۆکی فەڕەنسا ئێوارەی چوارشەممە بە یاوەری 35 بەرپرسی کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکەی گەیشتە چین، لە لایەن شی جینپینگەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و بەشداری ڕێوڕەسمی واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی کرد. ئەمەش چوارەم سەردانی فەرمیی ماکرۆنە بۆ چین لە دوای هەڵبژاردنیەوە وەکو سەرۆکی فەڕەنسا لە ساڵی 2017.

ناکۆکییەکانی چین و فەڕەنسا بەردەوامن

سەردانەکە لەکاتێکدایە کە هێشتا ناکۆکییەکانی چین و فەڕەنسا و بەشێوەیەکی فراوانتر لەگەڵ ئەوروپا بە قووڵی ماونەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی خواستی ئەوروپا بۆ ئەوەی پەکین کاریگەرییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بەکاربهێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکرانیا.

سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕووسیای نەکردووە

چین بەردەوام داوای ئاشتیی لە ئۆکرانیا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز سەرکۆنەی ڕووسیا و هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا نەکردووە و وەکو هاوبەشێکی گەورەی ئابووری و سیاسی لەگەڵ ڕووسیا ماوەتەوە.