سەرەڕای سزادانیشی هەر دەیەوێت بگەڕێتەوە
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئێران بەتۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی و پڕوپاگەندە دژی سیستم، ماوەی ساڵێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە، جەعفەر پەناهی، دەرهێنەری سینەمایی ئێران دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
خاوەنى چڵە خورماى ئاڵتوونییە
پەناهی سینەماکار و دەرهێنەری جیهانی، خاوەنی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونیی فێستیڤاڵی کان-ە و دەڵێت، دوای گەشتەکەی ئەمدواییەی بۆ وڵاتانی دەرەوە، دەچێتەوە بۆ تاران.
هیچ کات بیرى لە پەناهەندەیی نەکردووەتەوە
دەرهێنەری فیلمی "تەنیا رووداوێک بوو" لە پەراوێزی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتیی مەراکیش گوتی، سەرەڕای ئەوەی چەندین هەلی بۆ هەڵکەوتووە، بەڵام هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە ببێتە پەناهەندە و لە وڵاتێکی دیکە بژى.
پەناهى: یەک پاسپۆرتم هەیە
جەعفەر پەناهی بۆ گۆڤاری فارایتی قسەیکردووە و دەڵێت، من تەنیا یەک پاسپۆرتم هەیە، ئەویش پاسپۆرتی وڵاتەکەمە و دەمەوێت پارێزگاریی لێبکەم.
تاکو دوو ساڵ گەشتى لێقەدەغە دەکرێت
سزاکەی سەر پەناهی بەجۆرێکە، سەرەڕای بەندکردن، دوای ئازادکردنی بۆی نییە تاوەکو 2 ساڵ گەشت بکات و تێکەڵی هیچ گرووپ و ڕێکخراوێک ببێت.
خاوەنى خەڵاتى ورچى ئاڵتوون یە
جەعفەر پەناهی تەمەن 65 ساڵ، کە خاوەنی خەڵاتی ورچی ئاڵتوونیی ساڵی 2015ـی فێستیڤاڵی بەرلینیشە بەهۆی فیلمی تاکسی تارانەوە، ساڵی 2010 حوکمدراوە بە بەندکردن، دوای 86 ڕۆژ ئازادکراوە و ماوەی 7 مانگ لەنێوان ساڵانی 2022 و 2023دا ژیانی لە زیندان بەسەربردووە و پاش ئەوەی مانی لە خواردن گرت، ئازادکرا.
15 ساڵ قەدەغەى گەشتى لەسەر بووە
پەناهی کەسایەتییەکی دیاری سینەمای ئێرانە، پێشتریش بۆ ماوەی 15 ساڵ قەدەغەی گەشتی لەسەربوو، تاوەکو دواتر بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی کان مۆڵەتی پێدرا گەشت بکات.
دوایین بەرهەمى بۆمبێکە بۆ دەسەڵاتداران
دوایین فیلمی جەعفەر پەناهی، کە بە نهێنی وێنەی بۆ گیراوە، باس لە چیرۆکی پێنج ئێرانی دەکات کە قوربانیی دەستی تووندوتیژیی و زوڵم و زۆری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیین.
ئێستا لە کوێیە ؟
ئێستا جەعفەر پەناهی، بۆ نمایشی فێلمێکی خۆى لە فەڕەنسایە و وەک نوێنەری فەڕەنسا دەیەوێت بەشداریی ئۆسکار بکات، ئاشکرایکردووە، کە دەیەوێت دوای ئەم گەشتەی بەزوویی بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
پەناهى بە چى دەناسرێتەوە؟
جەعفەر پەناهی کە چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا وەرگرتووە، بەوە دەناسرێتهوه کە لە فیلمەکانیدا جیاوازیی نێوان چینهكانی کۆمەڵگەی ئێران بەشێوەیەکی سەنجڕاکێش باس دەکات.
05/12/2025