پێشڕەو عەبدوڵا: ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا؛ زیاتر لە چوار هەزاریش گەڕاونەتەوە
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستانەوە نزیکەی شەش هەزار و 500 کەس بە ڕێگەی کۆچی نایاسایی هەوڵیانداوە بگەنە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کە زۆرترینیان لە ڕێگای لیبیا، تونس و تورکیاوە بوون و لەو ڕێژەیە تەنیا سێ هەزار و 890 کۆچبەر توانیویانە بگەنە شوێنی مەبەست.
زیاتر لە چوار هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان
پێشڕەو عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە چوار هەزار و 200 پەنابەر بە خواستی خۆیان، لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیاوە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
20 بۆ 50 ملیۆن دینار بەخشینیان پێدەدرێت
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە ئەو کۆچبەرانەی بە خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە ئەوا بەخشینێکیان دەدرێتێ کە لە 20 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 50 ملیۆن دینار و بەگوێرەی دۆسیەش دەگۆڕێت.
نوێنەری پەنابەرە کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو:
- بە کۆی گشتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم، زیاتر لە 42 هەزار کۆچبەر لە ڕێگای ئاوی و وشکانییەوە لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و تورکیاوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا
- زیاتر لە 36 هەزار کۆچبەریش لە تورکیا و لیبیاوە خۆیان گەیاندووەتە یۆنان و دوورگەکانی
- زیاتر لە 15 هەزار کۆچبەریش لە تورکیا و سووریا و لوبنانەوە خۆیان گەیاندووەتە قوبرس
- زیاتر لە 50 هەزار کۆچبەر لە باکووری ئەفریقا و زەریای باکوورەوە خۆیان گەیاندووەتە ئیسپانیا و پورتوگال کە ئەو دوو وڵاتە ئێستا فشارێکی زۆری کۆچبەرانی لەسەرە
- 13 هەزار کۆچبەریش خۆیان گەیاندووەتەوە پۆلۆنیا و وڵاتانی بەلقان
- ئەمساڵ لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە زیاتر لە 39 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا
هەزار و 200 کۆچبەری قوربانی؛ 14یان خەڵکی باشووری کوردستانن
بەگوێرەی کۆتا بەدواداچوونەکانیان زیاتر لە هەزار و 200 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست و زەریای باکوور و ڕێگا وشکانییەکان بوونەتە قوربانی و بێسەروشوێن بوون کە 14 لەوانە کوردی باشووری کوردستانن، ئەوانیش تاوەکو ئێستا حەوت تەرم گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان و 7 کەسی تریش بێسەروشوێنن.
06/12/2025