بێڵ گەیتس هۆشدارییەکی مەترسیدار لەبارەی منداڵانی جیهان دەدات
بێڵ گەیتس، ملیاردێری ئەمریکی، هۆشداری دایە حکومەتەکانی جیهان کە نزیکەی 4.5 ملیۆن منداڵ ڕەنگە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە گیان لەدەستبدەن.
پاراستنی منداڵان پاشەکشەی کردووە
گەیتس لە ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگاکەیدا ئاشکرایکردووە ، کە ماوەی دەیان ساڵە بە گشتی جیهان پێشکەوتنێکی بەردەوامی لە ڕزگارکردنی ژیانی منداڵاندا بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا لەسەرووبەندی زیادبوونی ئاڵنگارییەکاندا، ئەم پێشکەوتنە دەستی بە پاشەکشە کردووە.
ڕاپۆرتەکەی دەزگای گەیتس بەدواداچوون بۆ ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە بەرنامەی گەشەپێدانی خۆراکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەیدەبات ئامانجەکەشی کەمکردنەوەی هەژاری و باشترکردنی تەندروستیی منداڵانە.
گیانلەدەستدانی 4.6 ملیۆن منداڵ
مەترسییەکە بەجۆرێک دەرکەوت کاتێک ڕۆژی پێنجشەممە، خەمڵاندنێک لەلایەن دەزگای خێرخوازی بێڵ گەیتس و هاوژینەکەی بڵاوکرایەوە و دەرکەوت نزیکەی 4.6 ملیۆن منداڵ پێش گەیشتن بە تەمەنی پێنج ساڵان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەمساڵ پێدەچێت ژمارەکە بگاتە 4.8ملیۆن منداڵ.
کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان
لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، ئەمریکا دەستی بە کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کرد و ئەم کەمکردنەوەیە گەیشتە لایەنە بەخشەرەکانی دیکەی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیا. گەیتس پێشتریش هۆشداریدابوو کە ئەم کەمکردنەوانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵی زیاتر لە جیهاندا.
مەترسیی گیانلەدەستدانی 12 بۆ 16 ملیۆن منداڵ
ئەگەر کەمبوونەوەی پارەدارکردن بەردەوام بێت، ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2045 لە نێوان 12 بۆ 16 ملیۆن منداڵی جیهان گیان لەدەستبدەن.
داوا لە حکومەتەکان
ملیاردێرە ئەمریکییەکە داوا لە حکومەتەکانی جیهان دەکات هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە هەروەها وەبەرهێنان لە چاودێریی تەندروستیدا بکەن بۆ بەهێزکردنی تەندروستیی منداڵان.
06/12/2025