بانکی نیشتمان دەچێتە سەر بەغداد؛ خزمەتگوزاری پێشکەش بە بازرگانان دەکات

بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق دەبێت و کارئاسانی بۆ هاونیشتمانییان دەکات.

ئەوەی پێویستە بیزانیت

 ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم/ لقی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "کەناڵ 8" ئاشکرای کردووە، بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق دەبێت و خزمەتگوزاریی بانکی بۆ بازرگانان و هاونیشتمانییان دابین دەکات.

یەک بانکی ناوەندی هەیە

 بەگوێرەی قسەی ماکوان جەمیل، لە عێراقدا تەنیا "یەک بانکی ناوەندی" بوونی هەیە، بۆیە هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ بەغداد هەیە بۆ ڕاییكردنی سەرجەم ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان.

پابەندبوون بە ڕێنماییەکان

 بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی سلێمانی جەختی کردووەتەوە، هەموو بانکەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا کارەکانیان ڕایی دەکەن.