بانکی نیشتمان دێت؛ دۆلار بە نرخی فەرمی و قەرز بە هاووڵاتییان دەدات
بانکی نیشتمان دەبێتە چوارەمین بانکی فەرمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هاوشێوەی ڕافیدەین و ڕەشید خزمەتگوزاریی دارایی و دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی دەخاتە بەردەست.
ئەوەی پێویستە بیزانیت
بانکی نیشتمان لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023 لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی پێدراوە. ئەم بانکە حکومییە و سەر بە وەزارەتی داراییە، بەڵام وەک کۆمپانیایەک ئەنجوومەنێکی بەڕێوەبردنی تایبەتی دەبێت و ئامانجی سەرەکی، دابینکردنی دۆلارە بە نرخی فەرمی (کە بۆ هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 10 هەزار دینار لە بازاڕ هەرزانترە) و پێدانی پێشینە جۆراوجۆرەکانە.
سەرمایەی بانکەکە
سەرمایەی گشتیی بانکەکە 250 ملیار دینارە. لەم بڕە، ئێستا 25 ملیار دینار بە کاش لە بانکی ناوەندی/ لقی هەولێر دانراوە و بڕیارە دوای کردنەوەی بانکەکە بڕەکە بۆ 50 ملیار دینار زیاد بکرێت.
پلانی "کەمکردنەوەی بانکەکان" چییە؟: پرۆسەی کردنەوەی بانکی نیشتمان بە سێ قۆناغی سەرەکی تێدەپەڕێت کە لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە سەرپەرشتی دەکرێت:
کەمکردنەوەی بانکەکان
94 بانکی حکومی لە هەرێمی کوردستان کەم دەکرێنەوە بۆ تەنیا 8 بانک (چواریان لە پارێزگاکان و چواریان لە ئیدارە سەربەخۆکان).
دۆخی فەرمانبەران
ژمارەی فەرمانبەرانی هەر بانکێک لەنێوان 50 بۆ 80 فەرمانبەر دەبێت و دەبێت پسپۆڕ و شارەزا بن.
پاکتاوی دارایی
ڕێکخستنەوەی پارەی هاووڵاتییان و قەرزەکان بە پرۆسەیەکی ورد.
دابەشبوونی جوگرافی
سلێمانی و هەڵەبجە: 29 بانکی حکومی هەن، کەم دەکرێنەوە بۆ سێ بانک و دواجار دەبنە یەک بانک.
هەولێر و دهۆک: 65 بانکی حکومی هەن، سەرەتا کەم دەکرێنەوە بۆ شەش و پاشان بۆ دوو بانک.
لقەکانی بانکەکە
لە هەر چوار پارێزگاکە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) و چوار ئیدارە سەربەخۆکە (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران، زاخۆ) نووسینگەیان دەبێت.
خزمەتگوزاری و پێشینەکان
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری پێشووی بانکە بازرگانییەکان ڕایگەیاندووە، بانکەکە دەرگا بۆ ئەم قەرز و پێشینانە دەکاتەوە:
پێشینەی کشتوکاڵی و پیشەسازی.
پێشینەی خانووبەرە.
قەرزی بچووک و پرۆژەی وەبەرهێنان.
پێشینەی هاوسەرگیری.
بەڕێوەبردن و دەسەڵات
پەیەکەرى کارگێڕیی بانکەکە لە بەڕێوەبەر، جێگرێک، 12 ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی و 8 بەڕێوەبەری بانک پێکهاتووە. تەواوی ئەم ستافە لەسەر بنەمای "سیڤی و تاقیکردنەوە" لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە یەکلایی دەکرێنەوە.
پێکهاتەی بانکی نیشتمان:
سەرمایە: 250 ملیار دینار
ژمارەی لقەکان: 94 بانک دەبنە 8 بانک
ستاف: 12 ئەندامی بۆرد + بەڕێوەبەر و جێگر + 8 بەڕێوەبەری لق
خزمەتگوزاری: دۆلار بە نرخی فەرمی + 6 جۆر قەرز و پێشینە
07/12/2025