بەرهەمی شیر 77% زیادی کردووە؛ پلانی "خۆبژێوی" بۆ ساڵی 2030 دانراوە
وەزارەتی کشتوکاڵ ئامارە نوێیەکان دەخاتەڕوو؛ پڕۆژەکانی بەخێوکردنی مانگا و گامێش لە گەشەسەندندان و ئێستا 60%ـی پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکرێت.
ئەوەی پێویستە بیزانیت
بەگوێرەی خشتەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ، کەرتی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ماوەی شەش ساڵدا (لە تەمموزی 2019 تاوەکو ئابی 2025)، بەرهەمی شیرەمەنی بەڕێژەی 77% زیادی کردووە و ژمارەی پڕۆژەکانیش ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.
زمانى ژمارەکان (2019 - 2025):
پڕۆژەی مانگای شیردەر: لە 73 پڕۆژەوە بۆ 91 پڕۆژە زیادیکردووە.
ژمارەی مانگا: لە 8,100 سەرەوە بۆ 15,852 سەر مانگا بەرزبووەتەوە.
پڕۆژەی گامێش: لە یەک پڕۆژەوە (75 سەر)، بووەتە سێ پڕۆژە (335 سەر).
هاوکێشەی بەرهەم و خواست
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 500 هەزار تۆن بەرهەمی شیرەمەنی هەیە.
بەرهەمی ئێستا: 300 هەزار تۆن (60%ـی پێداویستی ناوخۆ).
کورتهێنان: 200 هەزار تۆن (40%ـی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت).
پلانی 2030: هەرچەندە هێشتا 40%ـی پێداویستییەکان پشت بە دەرەوە دەبەستن، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی داناوە و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران دەکات، تاوەکو لە پێنج ساڵی داهاتوودا (کۆتایی 2030) هەرێمی کوردستان بگاتە قۆناغی "خۆبژێوی" لە بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا.
08/12/2025