قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بووەتە پایتەختی داهێنان و کارسازیی عێراق

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناسنامەیەکی نوێی ئابووری بۆ سلێمانی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، کە شارەکە لە قۆناغی ڕۆشنبیرییەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی بوون بە سەنتەری ئابووری و کارسازی.

چیتر تەنیا پایتەختی ڕۆشنبیری نییە

قوباد تاڵەبانی لە میانەی وتارێکدا لە کۆڕبەندی گفتوگۆی گەشەی ئابووری ڕایگەیاند: "چیتر سلێمانی تەنیا پایتەختی ڕۆشنبیری نییە، بەڵکو ئێستا سلێمانی پایتەختی داهێنان و کارسازییە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو عێراق."

گوتیشی: "شارەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ و بەهێز."

شەفافیەت و بەدیجیتاڵکردن

سەبارەت بە چاکسازییە ئیدارییەکان، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامن لە بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان، بە ئامانجی:

نەهێشتنی ڕۆتین.

زیادکردنی شەفافییەت.

خێراکردنی پرۆسەی کارکردن و وەبەرهێنان.

وەبەرهێنان دەچێتە دەرەوەی شار

بەگوێرەی قسەکانی قوباد تاڵەبانی، ستراتیژیی حکومەت بریتییە لەوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازی تەنیا لە سەنتەری شاردا نەبن، بەڵکو گرنگیی زیاتر دراوە بە فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکان بۆ شارەدێ و شارۆچکەکان.

سەقامگیرترین شار بۆ وەبەرهێنان

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی تایبەتمەندییەکانی سلێمانی خستەڕوو کە وایکردووە ببێتە شوێنێکی لەبار بۆ وەبەرهێنان:

چەندین دەیەیە سەقامگیرترین شارە.

خاوەنی بەهێزترین کەرتی ئاسایش و تەندروستییە.

هێزێکی کاری بەهێزی هەیە.

ژنانی شارەکە ڕۆڵی کارایان لە ئابووریدا هەیە.