ئامانج جەلال: بە بەهای زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە سلێمانی کراوە
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاماری مۆڵەتەکان و قەبارەی سەرمایەگوزاریی ئەمساڵی شارەکە ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیێنێت، هەزار دۆنم زەوی بۆ پیشەسازیی خۆراک تەرخان کراوە.
مۆڵەت بە 51 پرۆژەی نوێ دراوە
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لە کۆڕبەندی گفتوگۆی گەشەی ئابووریدا ڕایگەیاند، لەمساڵدا کۆی گشتیی سەرمایەگوزاری لە شارەکە گەیشتووەتە دوو ملیار و 566 ملیۆن دۆلار.
بەگوتەی ناوبراو، لەو بڕە پارەیە مۆڵەت بە 51 پرۆژەی نوێ دراوە (بە قەبارەی 1.8 ملیار دۆلار) و 11 پرۆژەی پێشووش فراوانکراون (بە قەبارەی 716 ملیۆن دۆلار).
ڕەخساندنی 20 هەزار هەلی کار
سەبارەت بە کاریگەریی پرۆژەکان لەسەر بازاڕی کار، بەڕێوەبەرەکەی وەبەرهێنان گوتی: "پرۆژەکانی ئەمساڵ لە قۆناغی بونیادناندا زیاتر لە 13 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن و لە قۆناغی خستنەکار و تەواوبوونیدا ژمارەکە بۆ 20 هەزار هەلی کار بەرز دەبێتەوە."
هەزار دۆنم زەوی بۆ پیشەسازیی خۆراک
ئامانج جەلال پلانەکانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بڕیاری کوژاندنەوە بۆ زیاتر لە یەک هەزار دۆنم زەوی دراوە بەمەبەستی بونیادنانی گەورەترین کارگەی پیشەسازیی خۆراک. هاوکات لە کەرتی گەشتیاریدا، ئێستا کارکردن لە پێنج زۆنی گەشتیاری لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
"بەربەستەکان لابراون"
لە کۆتاییدا ئامانج جەلال ئاماژەی بەوە دا کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی لابردنی بەربەستەکان لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، 95 مۆڵەت دراوە کە دەکاتە بەرزبوونەوەی 40٪ بەراورد بە 14 ساڵی ڕابردوو.
هەروەها جەختی کردەوە کە کار بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک ڕاکێشانی بۆریی غازی ماڵان، ستی پاس و پیتۆکیمیاوی دەکرێت.
09/12/2025