فەهمی بورهان: هێشتا هەمەر و سوپا هەڕەشەن بۆ سەر جووتیارانی کورد

کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هۆشداری دەدات لە دۆخی جووتیاران لە کەرکووک و داوا دەکات ئەنجامی سەرژمێری بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەکارنەهێنرێت.

یاداشتێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی زەویی جووتیارانی سنووری کەرکووک، یاداشتێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن و داوا لە سەرکردایەتیی کورد دەکەن بەدەنگ جووتیارانەوە بچن.

"سوپا کێشەیە"

فەهمی بورهان نیگەرانیی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند: "هێشتا هەمەر و هێزەکانی سوپا وەک هەڕەشە بۆ سەر جووتیارانی کورد لە ناوچەکە ماونەتەوە."

هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە "داوا دەکەین بۆ ئەم پرسە کار بە ئەنجامەکانی سەرژمێری نەکرێت."

گرژییەکانی گوندی گورزەیی

لێدوانەکەی فەهمی بورهان دوای ئەوە دێت، ڕۆژی 6ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە گوندی "گورزەیی" سەر بە شارۆچکەی پردێ، عەرەبە هاوردەکان ڕێگرییان لە جووتیارانی کورد کرد بەرهەمی "گەنمەشامی"ـیەکانیان دروێنە بکەن.

ڕاگرتنی کارکردن

لەپاش دروستبوونی گرژییەکە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بڕیارێکی دەرکردووە کە دەبێت هەردوولا (جووتیارانی کورد و عەرەبە هاوردەکان) بەڵێننامە پڕبکەنەوە بۆ ڕاگرتنی کارکردن لەو زەوییانە تاوەکو کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە.