دوو ماستەرکڵاسی بواری فیلم و بەرهەمهێنان پێشکەش کران

کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان سلێمانی، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوێکی ئەوروپی، دوو ماستەرکڵاسی بواری بەرهەمهێنان و فیلمی پێشکەش کرد.

لە زانکۆی سلێمانی پێشکەش کران

ڕێکەوتی نۆی کانوونی یەکەم، کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان سلێمانی، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەوروپی ئیڤ، کە بە پاڵپشتیی یەکێتیی ئەوروپا کار دەکات، لە هۆڵی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی، دوو ماستەرکڵاسی پێشکەش کرد.

دوو ماستەرکڵاس پێشکەش کران

یەکەم ماستەرکڵاس، بە ناونیشانی "سەرەتایەک بۆ کۆپڕۆدەکشنی نێودەوڵەتی"، کاتژمێر نۆ بۆ 11ـی بەیانی بەڕێوەچوو، ڤیکی میها، پرۆدیوسەری بەئەزموونی یۆنانی سەرپەرشتیی کرد.

دووەم ماستەرکڵاس، بە ناونیشانی "بەبازاڕکردنی نێودەوڵەتیی فیلم"، کاتژمێر 11:30 بۆ 1:30ـی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەچوو، لەلایەن ماتیاس نۆشیس، شارەزای ستراتیجی بەبازاڕکردنی فیلم وڵاتی سویسرا، سەرپەرشتیی کرا.

بەشێکن لە وۆرکشۆپی تاقیگەی بەرهەمهێنان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان سلێمانی، ئەم دوو ماستەرکڵاسە، بەشێکن لە وۆرکشۆپی تاقیگەی بەرهەمهێنان، کە یەکەم تاقیگەی هاوبەشە لەنێوان دامەزراوەکە و ڕێکخراوی ئیڤ، لەم تاقیگەی بەرهەمهێنەرانە، حەوت پڕۆژەی فیلمی درێژ لە سەرانسەری کوردستان، هەڵبژێردراون بۆ وەرگرتنی وانە لەلایەن شارەزایان بۆ ماوەی یەک هەفتە، پاشان بەربژێر دەبن بۆ وەرگرتنی فەندی فیلم کۆمیسیۆی کوردستان سلێمانی.