2025 ساڵی پێشکەوتنی ڕۆبۆتەکان بوو

2025، ئەو ساڵەی بە پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد و بواری ڕۆبۆتیک، پیشانیداین داهاتوو لێرەیە، کۆمپانیاکانی جیهان تیشکیان خستووەتەسەر پەرەپێدانی فراوانی ڕۆبۆت، هەر لە قۆڵە ڕۆبۆتییە هەڵواسراوەکانی کۆمپانیای ئەمازۆن و ڕۆبۆتە کشتوکاڵییەکانی ژاپۆن، تاوەکو دەگاتە تۆمارکردنی ناوی یەکەم ڕۆبۆتی چین، لە کتێبی گینسدا.

ڕۆبۆتێک لە ڕێگەی پێیەکانییەوە خۆی بارگاوی دەکاتەوە

کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکی، کە بازاڕێکی گەورەی ئۆنڵاینە، پشتبەستنی بە ڕۆبۆتەکان زیاتر کردووە، نوێترین پڕۆژەشی پڕۆژەی "بلوجەی"ـە، کە سیستمێکە تێیدا چەندین قۆڵی ڕۆبۆتی هەڵواسراو، کاردەکەن بۆ هەڵگرتن و یەکخستنی پاکێجەکان و کەمکردنەوەی ئەرکە دووبارەکان لەسەرشانی کارمەندەکانی ئەمازۆن.

لەبواری ڕۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ، ئەمریکا پێشکەوتنی بەرچاوی بینیوە، لەمساڵدا، کۆمپانیای فیگەر ئەی ئای، ڕۆبۆتی فیگەر 03ـی ڕاگەیاند، کە بۆ بەکارهێنانی ناوماڵ و ژینگەی بازرگانی دیزاین کراوە، ئەم ڕۆبۆتە بەشێوەی وایەرلێس و لەڕێگەی پێیەکانیەوە خۆی بارگاوی دەکاتەوە.

کشتوکاڵ کردن بە ڕۆبۆت

ژاپۆن، ئەو وڵاتەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی بەساڵاچوون و هێزی کار تێیدا کەمە، هەوڵیداوە بە ڕۆبۆتی پێشکەوتوو کێشەی کەمیی کرێکار چارەسەر بکات.

ژاپۆن کاردەکات بۆ ئەوەی پرۆسەی کشتوکاڵکردن بەتەواوی بکاتە ڕۆبۆتیک، بۆ ئەم مەبەستە، کۆمپانیای کوبۆتا، ڕۆبۆتی "جۆری ڤی" پەرەپێداوە کە تەواو سەربەخۆیە و دەتوانێت هەموو شتێک لە کێڵانەوە تاوەکو دروێنەکردن لە ڕووبەرێکی گەورەی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بەڕێوەببات.

یەکێک لە داهێنانەکانی دیکەی ئەم وڵاتە لەبواری ڕۆبۆتی هاوشێوە مرۆڤدایە کە بریتییە لە کورسییەکی هاوشێوەی ئەو کورسیی مەساجانەی لە مۆڵەکاندا هەن، بەڵام لەجیاتی مەساج کردن ئەم کورسییە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات کۆنترۆڵی ڕۆبۆتێک بکەن وەکو ئەوەی لەناو جەستەی ڕۆبۆتەکەدا بن.

پێشەنگی ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ

کاتێک باسەکە دێتە سەر وڵاتی چین، ئەمساڵ ساڵی ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ بوو لەو وڵاتە.

ڕۆبۆتی ئاجیبۆت ئەی تووی چین، دوای بڕینی مەودای زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە ماوەی سێ ڕۆژدا، کە درێژترین مەودایە تاوەکو ئێستا لەلایەن ڕۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤەوە بڕابێت، ناوی چووە کتێبی گینسەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆبۆتێکی دیکەی چین کە سەر بە کۆمپانیای شی پێنگە، هێندە ڕاستەقینە دەردەکەوت کە کۆمپانیاکە ناچاربوو لە ڤیدیۆیەکدا قاچێکی ڕۆبۆتەکە هەڵبوەشێنێت تاوەکو پیشانی بدات هیچ مرۆڤێک لەناو ڕۆبۆتەکەدا نییە و تەنیا ئامێرێکە.