ئامانجی IFC لە سلێمانی چییە؟

لە پەراوێزی گەورەترین کۆڕبەندی وەبەرهێنان لە سلێمانی کە بە سۆنسەری میدیای کەناڵ8 کرا، نوێنەری ڕێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی مەرجەکانیان بۆ پاڵپشتیی پڕۆژەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت بەدوای پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەدا دەگەڕێین.

ئامانجی IFC لە سلێمانی چییە؟

دکتۆر بیلال ڕەباح، نوێنەری ڕێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵ8 ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان تیشکخستنە سەر توانا و ژێرخانی سلێمانییە و دەیانەوێت نەخشەڕێگای داهاتووی کەرتی تایبەت تاوتوێ بکەن، نەک تەنیا لەسەر ئاستی شارەکە، بەڵکو بۆ تەواوی عێراق.

دوو مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی پارە

دکتۆر بیلال ڕوونی کردەوە کە ئەوان ئامادەن پاڵپشتیی دارایی و لۆجستی و ڕاوێژکاری پێشکەش بکەن، بە مەرجێک پڕۆژەکان دوو خاڵی سەرەکییان تێدابێت:

لە ڕووی داراییەوە سەرکەوتوو و بەرهەمدار بێت.

سوودی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی هەبێت.

"پڕۆژەی بچووک وەرناگرین"

سەبارەت بە قەبارەی ئەو پڕۆژانەی پاڵپشتیی دەکرێن، نوێنەرەکەی IFC ئاشکرای کرد کە ئەوان کار لەسەر پڕۆژەی بچووک ناکەن چونکە ئەوە کاری بانکە ناوخۆییەکانە.

ناوبراو گوتی: "ئێمە باس لەو پڕۆژە ستراتیژییانە دەکەین کە پێویستیان بە 100 بۆ 500 ملیۆن دۆلار هەیە. بۆ نموونە پڕۆژەیەکی 500 ملیۆن دۆلاریمان بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەر (هیوا ڕەووف) لە سلێمانی جێبەجێ کردووە."

سنوورێک بۆ پاڵپشتیی دارایی نییە

دکتۆر بیلال جەختی کردەوە کە ڕێکخراوەکەیان لەسەر ئاستی جیهان 110 ئۆفیسی هەیە و سەبارەت بە سەرمایە بۆ پڕۆژە گەورەکان "هیچ سنوور و ڕێژەیەکی دیاریکراو نییە."

سێکتەرە گرنگەکان کامانەن؟

بەگوێرەی قسەکانی نوێنەری ڕێکخراوەکە، ئەو سێکتەرانەی لە پێشینەی کارەکانیانن لە هەرێمی کوردستان بریتین لە:

وزەی نوێبووەوە و ڕیسایکڵین (بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە).

بیناسازی.

گواستنەوە و گەیاندن.

خزمەتگوزاریی دارایی و بانکی.

سلێمانی؛ ناوەندی پڕۆژە گەورەکان

لە کۆتاییدا دکتۆر بیلال ستایشی پێگەی شارەکەی کرد و گوتی: "سلێمانی هەمیشە ناوەندی کولتوور و ئابووری و پیشەسازی بووە و زۆرێک لە پڕۆژە گەورەکان لێرەن، بۆیە ئێمەش بەردەوام دەبین لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕین."