وەزارەتى بازرگانى: ڕێگری دەکەن لە هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلی "غەرقبوو و تێکچوو"
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، وردەکاریی سیستەمێکی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ئاشکرا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێگری لە هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلی "غەرقبوو و تێکچوو" دەکرێت.
وادەی جێبەجێکردن و مۆدێلەکان
محەمەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ڕایگەیاند، ستانداردە نوێیەکە لە 1ـى کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانی مۆدێل 2025 و بەدواوە دەگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، بازرگانان ئاگادارکراونەتەوە و سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردن و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان دادەمەزرێندرێت.
"چیتر ئۆتۆمبێلی تێکچوو و نقوومبوو ناهێنرێت"
بەگوێرەی ڕێنماییەکان، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت بە هاتنەناوەوەى ئۆتۆمبێلی تێکچوو و ناسەلامەت، لەوانە:
ئۆتۆمبێلی نقوومبوو (غەرقبوو).
ئۆتۆمبێلی سووتاو یان ئەوانەی بەهۆی ڕووداوەوە زیانیان پێگەیشتووە.
ئامانج لەم بڕیارە بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی گشتی و کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کوالێتی نزمە.
زیادکردنی ڕسوومات و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی
گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوە دا، بەپێی لیستە نوێیەکە ڕسووماتە گومرگییەکان بەڕێژەی 15٪ یان زیاتر بەرز دەکرێنەوە. ئەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی خواستی هەڕەمەکییە لەسەر هاوردەکردن، بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە گەورەکان و ئەوانەی دۆستی ژینگە نین، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی.
هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەکان
پڕۆسەکە بە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەکانی (پلاندانان، گواستنەوە و بازرگانی) و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی پێش وادەی فەرمی ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن.
13/12/2025