هەموو شتێک لەبارەی قەدەغەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئوسترالیا بزانە

قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئوسترالیا
قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئوسترالیا

وڵاتی ئوسترالیا لە ڕۆژی 10ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، بووە یەکەم وڵاتی جیهان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغە بکات.

سزای 49.5 ملیۆن دۆلار

پلاتفۆرمە تەکنەلۆجییەکان بە گەورە و بچووکەوە، کاردەکەن تاوەکو خۆیان لەگەڵ یاساکە بگونجێنن، ئەو بەکارهێنەرانەی تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە لادەبەن و ڕێگەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ تۆمارکردنی بەکارهێنەری نوێ.

ئەگەر کۆمیسیۆنی سەلامەتیی ئەلیکترۆنیی ئوسترالیا ڕازی نەبێت بەو هەنگاوانەی پلاتفۆرمەکان گرتوویانەتەبەر و ڕێگەیانداوە خوار 16 ساڵ بچێتە ناو پلاتفۆرمەکانیانەوە، ئەوا ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە کە دەگاتە 49.5 ملیۆن دۆلار.

پلاتفۆرمە قەدەغەکراوەکان

ئەو پلاتفۆرمانەی قەدەغە کراون بۆ خوار 16 ساڵ بریتین لە: فەیسبوک، ئینستاگرام، تیکتۆک، سناپچات، ئێکس، یوتیوب، ڕێدت، تویچ، کیک و سرێدز.

حکومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاندووە، ئەگەر منداڵان دوای جێبەجێکردنی قەدەغەکردنەکە دەستیان بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمێکی دیکە کرد، ئەگەر هەیە بۆ ئەم لیستەی زیاد بکەن.

پلاتفۆرمە قەدەغەنەکراوەکان

ئەو پلاتفۆرمانەی کە قەدەغەکردنەکە نایانگرێتەوە ئەمانەن: ڕۆبڵۆکس، پینترێست، یوتیوب کیدس، دیسکۆرد، وەتسئەپ، لێمۆن8، گیت هەب، لێگۆ پلەی، ستیم، گوگڵ کلاسڕووم، مەسنجەر و لینکدئن.

دیاریکردنی بەکارهێنەری تەمەن خوار 16 ساڵ

ئەمەیان دەکەوێتە سەر کۆمپانیاکان، تەنیا داواکاریی حکومەت ئەوەیە کە داواکردنی ناسنامە تاکە ڕێگە نەبێت بۆ سەلماندنی تەمەنی کەسەکە.

تاوەکو ئێستا کۆمپانیای مێتا، کە خاوەنی فەیسبوک و ئینستاگرامە و هەردووکیان لە لیستی قەدەغەکراوەکانن، ئاشکرای نەکردووە چ ڕێگەیەک دەگرێتەبەر.

سناپچات، چاودێریی هەڵسوکەتی هەژمارەکان دەکات و بەرواری لەدایکبوون بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردنی ئەو بەکارهێنەرانەی تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە.

تیکتۆکیش دەڵێت چەند ڕێگایەک بەکاردەهێنێت کە تەکنەلۆجیا و چاودێریی مرۆڤ تێکەڵ دەکات، بۆ دۆزینەوە و لابردنی هەژماری ئەو هەرزەکارانەی ڕۆژی لەدایکبوونیان بە هەڵە نووسیوە لەکاتی خۆتۆمارکردن لە ئەپڵیکەیشنەکەدا.

سڕینەوەی هەژماری خوار تەمەن 16 ساڵ

بۆ فەیسبوک و ئینستاگرام، هەرزەکاران دەتوانن هەموو وێنە و پەیامەکانیان دابەزێنن و هەژمارەکانیان ڕابگرن، تاوەکو دەبنە 16 ساڵ، هەروەها بژاردەی سڕینەوەی هەژمارەکەشیان هەیە.

تیکتۆک، بژاردەی ناچالاککردن یان سڕینەوەی هەژمار، هەروەها ئەرشیفکردنی ناوەڕۆکی هەیە، بەکارهێنەرە بچووکەکانیش دەتوانن ناونیشانی ئیمەیڵێک بنووسن، کاتێک تەمەنیان گونجاو دەبێت، پلاتفۆرمەکە بیریان دەخاتەوە کە دەتوانن ئێستا تیکتۆک بەکاربهێنن.

سناپچات ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات وێنە و پەیامەکانیان دابەزێنن و ئەو هەژمارانە دادەخات تاوەکو ئەو کاتەی بەکارهێنەر دەیسەلمێنێت کە تەمەنی سەروو 16 ساڵە.

بۆ پلاتفرۆمی یوتیوب، هەرزەکاران دەتوانن لە تەمەنی 16 ساڵیدا بچنەوە ناو پلاتفۆرمەکە، بەبێ ئەوەی هیچ ناوەڕۆکێک لەدەست بدەن، پێش ئەوەی هەژمارەکانیان دابخرێت، دەتوانن ناوەڕۆکەکەیان دابگرن یان هەژمارەکانیان بسڕنەوە، تاوەکو ئێستا پلاتفۆڕمەکانی دیکە ڕایاننەگەیاندووە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکەن.

سڕینەوەی هەژمار بە هەڵە

ئەو هەژمارانەی خاوەنەکانیان لە سەروو 16 ساڵەوەن و بە هەڵە وەکو خوار 16 ساڵ دیاریدەکرێن و قەدەغە دەکرێن، دەبێت پێداچوونەوە ئەنجامبدەن بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی هەژمارەکانیان.

بۆ نموونە، بۆ پلاتفۆرمەکانی مێتا، لەڕێگەی سکانکردنی ڕووخسارەوە ئەم کارە دەکەن کە داوا لە بەکارهێنەرەکە دەکات وێنەیەکی سێلفی بگرێت بۆ دڵنیابوون لە تەمەنی یان ناسنامەی حکومی پێشکەشبکات.

بۆ سناپ چات، بەکارهێنەران دەتوانن داوای پێداچوونەوە بکەن لەڕێگەی پشکنینی کارتی بانکی، پێدانی ناسنامەی حکومی وەکو: پاسپۆرت یان مۆڵەتی شۆفێری، یان گرتنی سێڵفی کە دواتر بۆ خەمڵاندنی تەمەنی کەسەکە بەکاردەهێنرێت.

تیکتۆک، چەند شێوازێکی پێداچوونەوە پێشکەشدەکات، لەوانە بەکارهێنانی خەمڵاندنی تەمەنی کەسەکە لەڕێگەی سکانی ڕووخسارەوە، یان مۆڵەتی کرێدت کارد یان پێشکەشکردنی ناسنامەیەکی پەسەندکراوی حکومەت.

دەستبەجێ سزا نادرێن

حکومەت دەڵێت، نابێت خەڵک چاوەڕێی ئەوە بکات کە قەدەغەکردنەکە لە یەکەم ڕۆژەوە بە تەواوی کار بکات، ئەگەر هەندێک لە پلاتفۆرمەکان ڕاستەوخۆ پابەند نەبن، ئەوا دەستبەجێ سزا نادرێن.