بۆچی چێشتخانەی ئیتاڵی لە لیستی یونسکۆدایە؟

خواردنی ئیتاڵی لە جیهاندا ناوبانگێکی زۆری هەیە و خەڵک زۆر چێژی لێدەبینن، بەو پێیەی چێشتلێنان لە ئیتاڵیا و لای ئیتاڵییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە و هەمیشە خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن، لەدوای بڕیارێکی ڕێکخراوی یونسکۆ ئێستا دەتوانن زیاتر و بە فەرمی خۆیان هەڵبکێشن لەبەرامبەر وڵاتانی دیکەدا.

چێشتخانەی ئیتاڵی بۆ لیستی "کەلەپووری کولتووری" زیادکرا

یونسکۆ، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و کولتوور، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی لە نیودەلهی بە کۆی دەنگ، چێشتخانەی ئیتاڵی بۆ لیستی "کەلەپووری کولتووری" خۆی زیادکرد.

لیستی "کەلەپووری کولتووری" یونسکۆ، دان بە دابونەریتی زیندوو و کردارە کەلتوورییەکاندا دەنێت کە کۆمەڵگاکان بە درێژایی نەوەکانیان دەیانگوازنەوە.

ڕیزلێنانەکەی ئیتاڵیا جیاوازە

بەڵام ئەم ڕیزلێنانەی ئیتاڵیا جیاوازە لەگەڵ ئەو خۆراکانەی پێشوو کە یونسکۆ بۆ لیستی کەلەپووری کولتووری زیادیکردوون،  چونکە ڕێزلێنانەکەی ئیتاڵیا تەنیا بۆ خواردنێک نییە بەڵکو بۆ هەموو چێشتلێنانی ئیتاڵییە وەک کردارێکی کولتووری.

"چێشتلێنانی ئیتاڵی تایبەتە"

یونسکۆ دەڵێت چێشتلێنانی ئیتاڵی تایبەتە، چونکە خەڵک پێکەوە کۆدەکاتەوە و ژەمەکان بەش دەکەن و شارەزایی چێشتلێنان لە نەوەیەکەوە دەگوازنەوە بۆ نەوەیەکی دیکە، نازناوەکە تەنیا بۆ جۆرە خواردنێک نییە بەڵکو بۆ شێوازی چێشتلێنانە کە وەکو "کردارێکی خۆشەویستی" ئەنجامی دەدەن.

"ئەمە فراوانترین ڕێزلێنانی خۆراکە"

هەندێک لە شارەزایان دەڵێن ئەمە فراوانترین ڕێزلێنانی خۆراکە کە یونسکۆ تاوەکو ئێستا بە وڵاتێکی بەخشیبێت، لەپاڵ ئەمەدا ئیتاڵیا ئێستا 21 نەریتی کولتووری جیاوازی دیکەی هەیە کە لەلایەن یونسکۆوە دانیان پێدانراوە.