بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ: بەزووترین کات کتێبخانەکە دەکەینەوە
بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، کە هەرچەندە ئاستەنگەکان زۆرن بەڵام بەزووترین کات کتێبخانەکە دەکەنەوە.
هێرش عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8 ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە کارەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە، لیژنەیەک هاتوون بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و دیاریکردنی زەرەرەکان.
چاککردنەوەی باڵەخانەکە ئاسان نابێت
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئاستەنگ دەبێت لەبەردەمیاندا ئەوەیە کە باڵەخانەکە خۆی لە ڕابردوودا چەندین گرفتی هەبووە، لە ئێستاشدا بەهۆی لافاوەوە زیانی زیاتری بەرکەوتووە، بۆیە ئەگەر بۆشایی کتێبەکانیش پڕ بکەنەوە، ئەوا چاککردنەوەی باڵەخانەکە ئاسان نابێت.
بەزووترین کات کتێبخانەکە دەکەنەوە
باسی لەوەشکرد، کە پاش نۆژەنکردنەوە، بەزووترین کات کتێبخانەکە دەکەنەوە، چەندین هەنگاوی گرنگ دەنێن بۆ پاراستنی سەرچاوەکان کە دیارترینیان بریتی دەبێت لە بەئەلیکترۆنیکردنی سەرچاوە تاک و گرنگەکان تا لە هەر کارەسات و مەترسییەکی دیکە بیانپارێزن کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ببنەوە.
13/12/2025