زیاتر لە 20 ساڵە دوو هاوسەر ڕۆژانە یاریی ماریۆ کارت دەکەن
شێوە عومەر 13/12/2025
لە ساڵی 2001ـە و دوو هاوسەر لە بەریتانیا، ئامێرێکی نێنتێندۆ 64 بۆ کوڕەکەیان دەکڕن، بێ ئاگا لەوەی ئەم ئامێری یاریکردنە خەریکە دەبێتە بناغەی پەیوەندییەکەیان.
24 ساڵ یاریکردن
ئەم دوو هاوسەرە بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە، هەموو بەیانییەک هەڵدەستن و دەستدەکەن بە "یاریی ماریۆ کارت 64" لەسەر ئەو ئامێرەی بۆ کوڕەکەیان کڕیبوو.
کوڕەکەیان کە ناوی لویسە باس لەوە دەکات، دایک و باوکی دادپەروەرانە و دۆستانە پێسبڕکێ دەکەن، هەروەها یاسایەکیشیان داناوە کە کورتە ڕێگە بەکارناهێنن و یارییەکی پاک و ڕاستگۆیانە دەکەن، چونکە ئەم یارییەکە پەیوەستە بە خۆشەویستییان بۆ یەکدی.
دۆڕاوەکە چا لێدەنێت
لەکۆتایشدا هەر کامێکیان یارییەکە بدۆڕێنن دەبێت چای بەیانی ئامادە بکات بۆ براوەکە و 24 ساڵە بەم شێوەیە خۆشەویستی بۆ یەکدی دەردەبڕن و پەیوەندییەکەیان پاراستووە.
شێوە عومەر
13/12/2025