دانیمارک پلانی قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە
وڵاتی ئوسترالیا لە 10ـی کانوونی یەکەم بووە یەکەم وڵاتی جیهان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغە بکات، ئێستاش وڵاتی دانیمارک دەیەوێت هەمان هەنگاو بگرێتە بەر بەرامبەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ کەسانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەغەی بکات.
کاتی قەدەغەکردنەکە
مانگی ڕابردوو، کارۆلین ستەیج، وەزیری کاروباری دیجیتاڵی دانیمارک، ڕایگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک بۆ قەدەغەکردنی دەستگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەر کەسێکی خوار تەمەن 15 ساڵ.
ستەیج گوتیشی، قەدەغەکردنەکە دەستبەجێ جێبەجێ ناکرێت و هێشتا پرۆسەی ڕاوێژکردن و چەند خوێندنەوەیەک لە پەرلەمان ماوە پێش ئەوەی ببێتە یاسا.
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لەوانەیە "لە ناوەڕاست تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو" قەدەغەکە ڕووبدات.
هەوڵی حکومەتەکان
زۆرێک لە حکومەتەکان هەوڵ دەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی تەکنەلۆجیای ئۆنڵاین و بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
یاسای خزمەتگوزاری دیجیتاڵی یەکێتیی ئەوروپا کە دوو ساڵ لەمەوبەر چووە بواری جێبەجێکردنەوە، منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ قەدەغە دەکات لە دروستکردنی هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
14/12/2025