زێڕ گەیشتە 4323 دۆلار؛ گۆڵدمان ساکس: ساڵی داهاتوو دەگاتە 4900 دۆلار

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان بۆ ئەم هەفتەیە، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و ئۆنسەیەک گەیشتە 4323 دۆلار، هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 865 هەزار دینار.

بەرزبوونەوەی 60% لەمساڵدا

بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لەمساڵدا نرخی زێڕ بەڕێژەی 60٪ بەرزبووەتەوە. هۆکاری ئەم هەڵکشانە خێرایە دەگەڕێتەوە بۆ:

زۆربوونی خواستی کڕین، بەتایبەت لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە.

کشانەوەی سەرمایەی وەبەرهێنەران لە بۆندە حکومەییەکان و دراوەکان و ڕوکردنە زێڕ.

پێشبینییەکانی گۆڵدمان ساکس بۆ 2026

گرووپی شیکەرەوانی "گۆڵدمان ساکس" پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە هەڵکشان. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەیان، بۆ ساڵی 2026 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 4900 دۆلار.

شیکەرەکان ئاماژەیان بەوە کردوە، هۆکاری ئەم پێشبینییە ئەوەیە کە کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە لە ساڵی 2026دا دەگاتە ئاستی 70 تۆن لە هەر مانگێکدا.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ناوخۆ

بەهۆی کاریگەریی نرخی جیهانییەوە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ بەمشێوەیە مامەڵەی پێوەدەکرێت:

عەیار 24: 957,000 دینار.

عەیار 22: 905,000 دینار.

عەیار 21: 865,000 دینار.

عەیار 18: 743,000 دینار.