"چارەکە ملیۆنێک هاووڵاتی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە"

وەزارەتى ناوخۆى عێراق، بڕیاریدا پرۆسەى تۆمارکردنى چەکى بێ مۆڵەت بۆ ماوەی ساڵێکى دیکە درێژبکاتەوە، تاوەکو ئێستاش چارەکە ملیۆنێک هاووڵاتی بەشدارییان لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکەدا کردووە.

وادەکە بۆ کۆتایی 2026 درێژکرایەوە

لە سەرەتاى ساڵى 2024ـەوە هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە و بڕیار دراوە پرۆسەکە بۆ ساڵێکى دیکە درێژبکرێتەوە.

وادەی کۆتایی: تاوەکو 31ـى کانوونى یەکەمى 2026 بەردەوام دەبێت.

شێوازی تۆمارکردن: لەڕێگەی 697 بنکەی پۆلیس و فۆڕمى ئەلیکترۆنییەوە دەبێت.

جۆرەکانی چەک و کڕینەوەیان

بەگوێرەى ڕێنماییەکان، مامەڵەی جیاواز لەگەڵ جۆرەکانی چەک دەکرێت:

چەکی ڕێگەپێدراو: هاووڵاتى دەتوانێت (دەمانچە، تفەنگى بچوک، تفەنگى ڕاوکردن) تۆمار بکات و لاى خۆی بیهێڵێتەوە.

چەکی قەدەغەکراو: چەکە مامناوەند و قورسەکانى وەک (بیکەسى و ئاڕ بى جی) دەبێت بفرۆشرێنەوە بە دەوڵەت.

نرخی کڕینەوە: حکومەت هەر پارچە چەکێکی قورس بە بڕی (3 ملیۆن بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار دینار) لە هاووڵاتیان دەکڕێتەوە.

سزای سەرپێچیکاران

بەگوێرەى یاساى چەک (ساڵى 2017)، هەرکەسێک بە بێ مۆڵەت چەک هەڵبگرێت یاخود بازرگانى پێوە بکات، ڕووبەڕووی ئەم سزایانە دەبێتەوە:

زیندانییکردن (لانی کەم یەک ساڵ).

سزای دارایی (500 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار).

ئامارەکان چی دەڵێن؟

بەهۆی دۆخی دوای 2003ـەوە چەکێکی زۆر لە دەستی هاووڵاتیاندایە:

7 ملیۆن: ژمارەی خەمڵێنراوی چەکی بێ مۆڵەت لە عێراق.

250 هەزار: ئەو کەسانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا فۆڕمی چەکیان پڕکردووەتەوە.