"سەرەتاى ساڵى 2026 دەست بە پڕۆسەکە دەکرێت"

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێکردنی پاکێجێک ڕێنمایی نوێ دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی ئۆتۆمبێل، کە تێیدا مەرجی توند بۆ هاوردەکردن دادەنرێت و ئۆتۆمبێلە کۆنەکانیش دەکرێنە ئامانج.

ڕێکخستنەوەی پرۆسەی هاوردەکردن

محەمەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتى بازرگانى ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی ئابووریی وەزاری ڕاسپاردەکانی لیژنەی ناوەندیی پەسەند کردووە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هاوردەکردن. ئەم ڕێنماییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ (وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ) ئامادەکراون بۆ مسۆگەرکردنی تایبەتمەندییە تەکنیکی و ژینگەییەکان.

چارەنووسی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان

بەگوێرەی بڕیارەکان، پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە (تەسقیت) دەستپێدەکات و ئەو ئۆتۆمبێلە کۆنانە دەگرێتەوە کە:

لەگەڵ واقیعی ئێستای شەقامەکاندا ناگونجێن.

مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە.

ئامانج لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی ئەو پشێوییەیە کە بەهۆی هاوردەکردنی هەڕەمەکییەوە دروست بووە.

ستانداردی نوێ بۆ ساڵی 2026

جگە لە ڕێنماییەکانی مانگی داهاتوو، وەزارەتەکە پلانی درێژخایەنی بۆ ستانداردی ئۆتۆمبێل ئاشکرا کردووە:

وادەی جێبەجێکردن: 1ـى کانوونی دووەمی 2026.

ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەگرێتەوە: هەموو ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانی مۆدێل 2025 و بەدواوە.