سەنتەرى میترۆ: یاساکان تەنیا بۆ جوانکارین

بە فەرمانی بەڕێوەبەرى گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ، ڕێگری لە تیمێکی کەناڵ8 کرا ڕووماڵی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی بکەن، سەنتەری میترۆش بە توندی سەرکۆنەی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت یاساکان جێبەجێ ناکرێن.

فەرمانی دەرکردنی کەناڵ8

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە گرووپی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان "بانگێشتنامەیەکی گشتگیر"ـی بۆ میدیاکان بڵاوکردووەتەوە، تیمی کەناڵ8 وەک ئەرکێکی میدیایی ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.

دوای ئەوەی پەیامنێری کەناڵەکە مایکەکەی داناوە، ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت بەشداری بکەن. پێیان ڕاگەیاندووە: "بە فەرمانی هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاردراوە نابێت ئێوە بەشدار بن"، پاساوەکەشیان ئەوە بووە کە بانگێشت نەکراون، هەرچەندە بانگێشتەکە گشتی بووە.

سەنتەری میترۆ: یاساکان جێبەجێ ناکرێن

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەوانان، هاتنە سەر هێڵی ڕووداوەکە و لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پەرەسەندنی ئەم پێشێلكارییانە لە هەرێمی كوردستاندا، كەلێنێكی قووڵی لەنێوان دەقە یاساییەكان و جێبەجێكردنیاندا ئاشكرا دەكەن.

یاسا بەرکارەکان پشتگوێ خراون

میترۆ پرسیار دەکات کە ئایا یاساکان تەنیا بۆ جوانکاریی دەسەڵاتن یان بۆ جێبەجێکردن و ئاماژە بە دوو یاسای گرنگ دەکات کە لەم کەیسەدا پێشێل کراون:

یاسای ڕۆژنامەوانی ژمارە 35ـی ساڵی 2007: کە تایبەتە بە پاراستنی کاری ڕۆژنامەنووسان.

یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2013: کە تایبەتە بە مافی دەستكەوتنی زانیاری و مافی زانین بۆ هەمووان.