پێشبینی دەکرێت ترەمپ بۆ جاری پێنجەم قەدەغەی تیکتۆک دوابخات
کڕیارانی پلاتفۆرمی تیکتۆک لە ئەمریکا لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ درێژکردنەوەی وادەی فرۆشتنی پلاتفۆرمەکە بۆ جاری پێنجەم.
فرۆشتنی تیکتۆک بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی
کۆنگرێسی ئەمریکا، لە ساڵی 2024، یاسایەکی دەرکرد کە داوا لە بایتدانسی خاوەنی تیکتۆک دەکات، ئۆپەراسیۆنەکانی لە وڵاتی ئەمریکا بفرۆشێت بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی یان ڕووبەڕووی قەدەغەکردن ببێتەوە، بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی ئەم پلاتفۆرمەوە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کە دەگوترێت پەکین دەتوانێت دەستی بە داتای بەکارهێنەرانی ئەمریکی بگات.
قەدەغە کردنی تیکتۆک چوار جار دواخراوە
تاوەکو ئێستا قەدەغە کردنەکە لەلایەن ترەمپەوە چوار جار دواخراوە، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، بۆ جاری پێنجەم قەدەغە کردنی پلاتفۆرمەکە دوابخرێت تاوەکو دەگەنە ڕێککەوتنێک.
کڕیاران لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە
ترەمپ پێشتر گوتبووی ڕێکەوتنێک کراوە و هاوپەیمانەکانی لاری ئێلیسۆن و مایکل دێل، بڕیاریان داوە ئەو ئەپڵیکەیشنە بکڕن، هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کۆبووەوە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی لێ بەرهەم نەهات، تاوەکو ئێستا نە بایت دانس و نە پەکین هیچ فرۆشتنێکیان پەسەند نەکردووە.
فرانک مەککۆرت، ملیاردێر و وەبەرهێنەری ئەمریکی دەڵێت، ئامادەیە تیکتۆک لە ئەمریکا بکڕێت و بە پاڵپشتی وەبەرهێنەران پارەی کۆکردەوە بۆ کڕینی تیکتۆک و پلانی هەیە بەبێ تەکنەلۆجیای چینی بەڕێوەی ببات، بەڵام بەهۆی بڕیارەکانی ترەمپەوە تاوەکو ئێستا لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە.
15/12/2025