تەنیا شەش گوندی چەمچەماڵ کێشەی کارەبایان ماوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، ڕایگەیاند، کارەبای چەمچەماڵ، ئاسایی بووەتەوە و تەنیا شەش گوند کێشەی کارەبایان ماوە و ئەوانیش بەهۆی نەبوونی ڕێگەی هاتوچۆوە نەتوانراوە کارەباکەیان بۆ چاکبکرێت و لەم دوو ڕۆژەشدا ئەوەش چارەسەر دەکەن.

140 ملیۆن دینار پێدوایستى کڕدراوە

ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ چەمچەماڵ بە کەناڵ8ـی گوت، بە بەهای 140 ملیۆن دینار پێداویستی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای چەمچەماڵ دابینکراوە.

شەش گوند بێ کارەبان

هەروەها ئەردەڵان محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دوو گوندی شارەدێی سەنگاو، چوار گوندی شارەدێی قەرەهەنجیر کێشەی کارەبایان ماوە و هەوڵ دەدرێت بەزووترین کات کێشەی ئەوانیش چارەسەر بکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، 350 گوند سەر بە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ و لەپاش دروستبوونی لافاوەکە و کەوتنی ستوونەکانی کارەبا و نەبوونی ڕێگای هاتوچۆ و داڕمانی پردەوە، ژمارەیەک گوند بێ کارەبابوون.