گەشتی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئەڵمانیا دەستپێدەکاتەوە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی سێشەممەوە گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان سلێمانی و ئەڵمانیا دەستپێدەکەنەوە و هەفتانە یەک گەشت دەکرێت.
یەکەم گەشت کاتژمێر 1ـی پاش نیوەڕۆ دەبێت
دانا محەممەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە کەناڵ8ـی گوت "لە ڕۆژی سێشەممەوە، گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئەڵمانیا دەستپێدەکاتەوە، یەکەم گەشتی ئاسمانی لە ئەڵمانیاوە کاتژمێر 1ـی پاش نیوەڕۆ بڕیارە بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
هەفتانە یەک گەشتی هاتن و ڕۆیشتن ئەنجام دەدرێت
بە گوتەی دانا محەممەد، هەفتانە یەک گەشتی هاتن و ڕۆیشتن لەنێوان سلێمانی و ئەڵمانیا بەڕێودەچێت.
دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان
دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییە ڕاستەوخۆکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، دوای ئەوە دێت لە مانگى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ تورکیا گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەکەى هەڵگرت و لە 3ـی تشرینی دووەم یەکەم گەشت کرا.
ئێستا هەفتانە هەشت گەشتیی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و تورکیا دەکرێن.
گەمارۆی ئاسمانیی تورکیا لە نیسانی ساڵی 2023ـەوە دەستی پێکردبوو، بووە هۆی ڕاگرتنی 35%ـی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی. لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار زیان بەر ئابووریی فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
15/12/2025