یەک ئۆنسە زێڕ چوار هەزار و 288 دۆلارە
دوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج خولی لەسەریەک و لەدوای بڕیارەکەی بانکی فیدڕاڵی بازاڕی کانزاکان لە بەرزبوونەوەدا بوون، ئەمڕۆ زێڕ و زیو ڕوویان لە دابەزین کرد و لە لوتکە هاتنە خوارەوە.
دابەزین لە بازاڕە جیهانییەکان
لە بازاڕە داراییەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ چوار هەزار و 288 دۆلار، لەکاتێکدا پاش بڕیارەکەی بانکی فیدراڵی نرخەکەی گەیشتبووە چوار هەزار و 300 دۆلار. هاوکات یەک ئۆنسە زیو بە 62 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە پێشتر گەیشتبووە زیاتر لە 63 دۆلار.
چاوەڕوانیی وەبەرهێنەران و ئاماری هەلیکار
هۆکاری ئەم جووڵەیەی بازاڕ دەگەڕێتەوە بۆ چاوەڕوانیی وەبەرهێنەران بۆ داتاکانی ئابووریی ئەمریکا؛ بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ڕاپۆرتی هەلیکار بڵاوبکرێتەوە و پێشبینی زیادبوونی 50 هەزار هەلیکاری نوێ دەکرێت، کە ڕێژەی بێکاری دەگەیەنێتە 4.5٪، ئەم داتایانە کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026 دەبێت.
لە 9ـی ئەم مانگەدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا ڕێژەی سوودی بۆ 3.75٪ دابەزاندبوو.
نرخەکان لە هەرێمی کوردستان
لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نرخەکان بە بەرزیدا ماونەتەوە، هەرچەندە نەگەیشتوونەتە ئەو ڕیکۆردەی لە مانگی ئازاری ئەمساڵ تۆماریان کردبوو. نرخەکان بەم شێوەیەن:
زێڕی عەیار 24: یەک مسقاڵ بە 976 هەزار دینارە.
زێڕی عەیار 21: یەک مسقاڵ بە 855 هەزار دینارە.
زێڕی عەیار 18: یەک مسقاڵ بە 734 هەزار دینارە.
لیرەی خلیجی: 907 دۆلارە.
زیو: یەک کیلۆ زیوی (جۆری مەڕ مەڕە) بە هەزار و 980 دۆلارە.
16/12/2025